کامێرای چاودێریش شکێندرا

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا لە زاخۆ دوو کەس برینداربوون

ژێوار خدر

لە کەمتر لە پێنج کاتژمێردا، دوو رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە زاخۆ روویاندا، کە یەکێکیان پێکدادانی نێوان دوو ئۆتۆمبێل بووە و ئەوی دیکەشیان خۆکێشان بووە بە موڵکی گشتیدا، هاتوچۆی زاخۆش دەڵێت،  لە ئەنجامی هەردوو رووداوەکەدا دوو کەس بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ بڵاویکردووەتەوە، رووداوی یەکەم کاتژمێر 1:00ـی شەوی رابردوو لەسەر شەقامی سەرەکیی بێدارێ و نزیک بەنزینخانەی ئاراس روویداوە، کە تێیدا دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی تۆیۆتا کامری و مێرسیدسێکی سپی بەیەکیانداداوە و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە و زیانی مادیش بەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.

لە رووداوێکی دیکەدا و کاتژمێر 5:30ـی خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی سەرەکیی فلکەی نەورۆز، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامری رەنگ سوور لە کۆنترۆڵی شۆفێرەکەی دەرچووە و خۆی کێشاوە بە چەند دارێک و ستوونێکی کامێراکانی چاودێریدا، لەم رووداوەشدا کەسێک بریندار بووە و زیان بە ئۆتۆمبێلەکە و ژینگەی شەقامەکەش گەیشتووە.