حزبێکی نوێی تورکمان داوای هێزی چەکدار دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە هەولێر پارتێکی نوێی تورکمانی راگەیەندرا و داوای دروستکردنی هێزی چەکداری تایبه‌ت به تورکمانەکان دەکات.

پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، رۆژی شەممە لە هوتێل شیراتۆنی شاری هەولێر دامه‌زراندنى خۆى راگه‌یاند و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەرنامە و پلانی حزبەکە خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتووە ”ئێمه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا نه‌ته‌وه‌ى دووه‌مین، بۆچى تا ئێستا رێژه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ى توركمان دیاری نه‌كراوه‌؟، یان بۆچى هێزێكى تایبه‌ت به‌ خۆمان نییه‌؟”

ناكرێ ئێمه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ دابنیشین ‌و برا كورده‌كانمان پارێزگاری له‌ ئێمه‌ بكه‌ن

پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان بووە حەڤدەمین پارتی تورکمانی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، لە بەرنامەی پارتەکەدا هاتووە “به‌ بۆچوونى ئێمه‌ ناكرێ ئێمه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ دابنیشین ‌و برا كورده‌كانمان پارێزگاریى له‌ ئێمه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ نا دادپه‌روه‌رییه‌”.

لە پەرلەمانی کوردستان 11 کورسی بۆ تورکمان، کریستیان، ئێزدی و ئەرمەنەکانی کوردستان وەک کۆتا تەرخانکراوە و تورکمانەکان پێنج کورسی کۆتای پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە.

لە دواهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا، کە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، تورکمان لەسەر ژمارەیەک لیست و فراکسیۆنی جیاواز، توانیان 8 کورسی لە کۆی 329 کورسی بەدەستبهێنن.