بڕیاری سودانییە
بۆ پشتیوانی زیانلێکەوتوانی لافاو بارەگایەک لە نێوان کەرکوک و سەڵاحەدین دەکرێتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە کردنەوەی بارەگایەکی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە کەرکوک و سەڵاحەدین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10.12.2025 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بە پەرۆشییەکی زۆرەوە لەگەڵ فەرماندەیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی کردووە بۆ دۆخی هاوڵاتیان و ئەو ناوچانەی شەپۆڵێکی باران و لافاو گرتوونیەتیەوە، کە بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی هەندێکیان و زیانلێکەوتنی هەندێکی دیكە، سەرەڕای گەمارۆدرانی ژمارەیەک هاوڵاتی بەهۆی ئەم لافاوانەوە بەتایبەتی لە پارێزگاکانی کەرکوک، سەلاحەدین، هەولێر، سلێمانی و ناوچەکانی دیکە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە، بە کردنەوەی بارەگایەکی پێشکەوتوو لە ڕێگەی ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لەنێوان هەردوو پارێزگای کەرکوک و سەلاحەدین بە فەرماندەیی و سەرپەرشتی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە ئەندازیاری سەربازی، ئەندازیاری حەشدی شەعبی و فەرمانگەکانی رێگاوبان و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان و فەرماندە ئەمنییەکان لەو ناوچانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە.
هەروەها فەرمانی کردووە، بە دابینکردنی فڕۆکە لەلایەن فەرماندەیی فڕۆکەوانی سوپاوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە و رزگارکردن دەستبەجێ دوای باشبوونی کەشوهەوا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کردنەوەی رێگاکان و نۆژەنکردنەوەی هەندێک لە پردە زیانلێکەوتووەکان و دابینکردنی هەموو ئەوانەی دەبنە هۆی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان لەو ناوچانە.