پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی بەرەو پەرلەمان دێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت؛ یاساکە سوودی زۆر بە هاوڵاتیان و کەرتی تەندروستی دەگەیەنێت.
بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، بیمەکە تەنها لە فەرمانبەران وەردەگیرێت، بەڵام خەڵکانی کەمدەرامەت و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و جینۆساید سوودی بێبەرامبەر لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەبینن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، وەرگرتنی بیمەی تەندروستی ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە، کە کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمیی بوودجەوە رووبەڕووی بووەتەوە.
خاڵص قادر، راوێژکاری تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ تۆڕی 964ـی روونکردەوە، پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چەند جارێک گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و چاوەڕێین بۆ پەرلەمانی بنێرن.
دەشڵێت؛ پڕۆژەکە گرنگییەکی زۆری هەیە هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی “چونکە پارەیەکی باش بۆ وەزارەتی تەندروستی لەو رێگەیەوە کۆدەکرێتەوە”.
بەهۆی ئەوەی نازاندرێت ئەنجومەنی وەزیران چ گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکەدا دەکات، هێشتا دیار نییە بڕی بیمەکە و شێوازی وەرگرتنی و وردەکارییەکانی تری پڕۆژەکە چۆن دەبێت.
“ئەگەر پەرلەمان کێشەی نەیەتە بەردەم و دانیشتنەکانی ئاسایی بکرێن پڕۆژەکە لەم خولەدا پەسەند دەکرێت”، خاڵص قادر وای وت.