"داب و نەریت و ئایین بپارێزن"

خانمی یەکەمی ئێزدییان داوادەکات قوتابخانە ئایینی لە گوندەکانیان دروستبکرێن

فەرهاد حەسەن

خانمی یەکەمی ئێزدییان، داوادەکات قوتابخانە لە تەواوی گوند و کەمەڵگەکانی ئێزدی نشین دروستبکرێن بۆ ئەوەی لەرووی پەروەردە و فێرکردنەوە کێشە و گرفت لە سنوورەکەیان نەمێنێت.

ئەمڕۆ شەممە، مه‌يان خێرى به‌گ هاوسەری میری ئێزدییان لە ناحیەی باشیک سەردانی قوتابخانەی بەحزانێی ئایینی کردووە و بە تێبینی کردنی لە هەبوونی کێشە و گرفتەکان ئەم دواکارییەی خستووەتەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوێک کە خانمی یەکەمی ئێزدییان بڵاویکردووەتەوە، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی کەرتی پەروەردە سەردانی ئەم قوتابخانەیەی کردووە و داواشی لە دایک و باوکی قوتابیان کردووە زیاتر هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ پاراستنی ئایین، کلتوور و داب و نەریتی خۆیان.

داواشی کردووە لە شێوەی قوتابخانەکەی بەحزانێ قوتابخانەی دیکە لە گوند و کۆمەڵگە ئێزدی نشینەکان دروستبکرێت.

قوتابخانەکەی بەحزانێ ماوەی پێنج ساڵە دروستکراوە مامۆستای خۆبەخشی هەیە ساڵانە لە سەرەتای مانگی حوزەیران تاوەکو مانگی ئەیلوول قوتابی وەردەگرێت و ئەو وانەنەی پێیان دەدرێت هەمووی وانەی ئایینی ئێزدیین.