تۆمەتبارێک لە زاخۆ
شەش دەفتەر دۆلاری دزی و بەهۆی خواردنەكەیەوە دەستگیركرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە زاخۆ، كەسێكیان دەستگیر كرد، كە پێشینەی تاوانی هەیە و تازە لە زیندان ئازاد بووە، كەچی دیسان بە هۆی دزیكردنەوە دەستگیر كرایەوە، ئەمجارەیان زیاتر لە شەش هەزار دۆلاری لە ماڵێک دزیوە، بەڵام خواردنی سەفەری پێبووە و لە شوێنی تاوانەكە جێیهێشتووە، پۆلیسیش بەدوایداچوون و گرتیان.
موقەدەم ئەحمەد رەمەزان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ میدیاكاران ماندوو ناكات و هەر خۆی ئەمڕۆ ڤیدیۆیەكی بە تۆماری ڤیدیۆیی تاوانەكەشەوە بڵاوكردەوە و بۆ 964یش نێردراوە، تێیدا شێوازی دزیكردنەكە و دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەش دەخاتەڕوو.
بە قسەی جەنابی موقەدەم، كابرا لەو شەوانە چووەتە سەر ماڵێک و بڕی شەش هەزار و 300 دۆلاری ئەمریكی دزیوە، بەڵام ئەو خواردنەی كە لە بازاڕ كریبووی و داینابوو پاش دزییەكە بە ئیسراحەت بیخوا، لە شوێنی تاوانەكە جێیهێشتووە، ئەمەش بووەتە بەڵگە و رێگەیەک بۆ پۆلیس، تا بەدوایدابچن و لێكۆڵێنەوە بكەن، كە دواجار لە رێگەی ئەو خواردنگەیەی خواردنەكەی لێ كڕیبوو، ناسنامەكەی ئاشكرا دەكرێ و دەستگیر دەكرێت.
تۆمەتبار مانگێک لەمەوبەر لە زیندان بەربووە، دوای ئەوەی حوكمی تاوانێكی دیكەی پێشتری تەواو كردووە، بەڵام دووبارە دەستی لە تاوان و دزی هەڵنەگرتووە و جارێكی دیكەش دەخرێتەوە زیندان.