داوا دەکرێت پەرەی پێبدرێت

وەرزش قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکانی کۆکردەوە

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

وەرزش قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکانی کۆکردەوە، مامۆستایانیش داوا دەکەن وەها چالاکییەک بەردەوامی پێبدرێت.

هەشت قوتابخانەی ئەهلی و حکومی بۆ یەکەمجار لەناو خۆیاندا پاڵەوانەتییەکی فوتساڵیان ئەنجامدا.

قوتابخانەی بەریتانی نێودەوڵەتی لە هەولێر، بەهەماهەنگی چالاکی دێدەوانی وەرزشی پاڵەوانیەتەکەیان رێکخستبوو.

ئەمڕۆ شەممە 4.3.2023، کۆتا رۆژی پاڵەوانیەتییەکە بوو، یارى کۆتایی لەنێوان تیپی وەرزشی فوتساڵی شەهید کۆچەر رووبەڕووی تیپی فوتساڵی ئەحمەدی خانی بووەوە.

یارییەکە لەکاتی ئاساییدا هەردوو تیپ بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا یەکسان بوون، بەناچاری پەنایان بردەبەر لێدانی یەکلاکەرەوە و تیپی فوتساڵی قوتابخانەی شەهید کۆچەر لە ئەحمەدی خانیان بردەوە.

دیلان خۆشناو، سەرپەشتیاری پاڵەوانیەتییەکە بە 964ـی وت، لە رێگای وەرزشەوە ئامانجمان بوو ئەو کەشە جیاوازەی نێوان قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان نەمێنێت، لەمەشدا سەرکەوتوو بووین.

مامۆستا کاوە، راهێنەری تیپی شەهید کۆچەر قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەمە جاری یەکەمە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان لەڕێگای وەرزشەوە بەیەکەوە تێکەڵ بن، دەرفەتێکی زیاتری دایە قوتابیانی ئێمە کە توانا و بەهرەکانیان لەڕێگای وەرزشەوە پێشانبدەن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق