" پەیوەندییەکان لە ئاستی پێویستدا نین"

كوردستان و كەنەدا پەیوەندییە بازرگانییەكانیان بەهێز دەكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

“هەر بازرگان و خاوەنکارێکی هەرێمی کوردستان خوازیارە کار لەگەڵ کۆمپانیا کەنەدییەکان بکات، ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ ژوور هاوکار و یارمەتیدەریان دەبین”، ئەمە قسەی لویس لاکێش کۆمسیاری پێشکەوتووی بازرگانییە لە باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق.

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 2.12.2025 بڵاویكردەوە، هەریەكە لە لویس لاکێش کۆمسیاری پێشکەوتووی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق و ئوردن و بژار محەمەد کۆمسیاری بازرگانی لە باڵیۆزخانەكە سەردانی ژوورەكەیان كرد و لەگەڵ سەرۆك و جێگر و ئەندامانی ژوورەكە كۆبوونەوە.

وەك لە راگەیاندراوی ژوورەكەدا هاتووە، سەرۆكی ژووری بارزگانیی هەولێر گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بەوەداوە، پەیوەندییەکانیان لە ئاستی پێویستدا نین، داخوازن لە رێگای باڵیۆزخانەی كەنەداوە بتوانن پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن، هەروەها لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی ئەو وڵاتە پەیوەندی ببەستن بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، هەروەها هەماهەنگی و پاڵپشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریشی پیشاندا بۆ دانانی پڕۆگرامێک بۆ ساڵی داهاتوو بە ئامانجی پتەوکردنی ئەم پەیوەندییانە.

هەروەها داوای كردووە شاندە بارزگانی و خاوەن كارەكانی كوردستان بەشداری لە پێشانگە نێودەوڵەتییەكانی كەنەدا بكەن.

“لویس لاکێش کۆمسیاری پێشکەوتووی بازرگانیی باڵیۆزخانەی كەنەدا وتی؛ ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە بازرگانییەكانمان لەگەڵ گشت وڵاتان بەرەو پێش ببەین، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار بۆ ژووری بازرگانی هەولێر دەکەین، کە لە مانگی 1 و 2 ساڵی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا کەنەدییەکان بەشداردەبن لە دوو پێشانگای نێودەوڵەتی خۆراك و تەندروستی، هەر بازرگان و خاوەنکارێکی هەرێمی کوردستان خوازیارن کار لەگەڵ کۆمپانیا کەنەدییەکان بکەن، ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ ژوور هاوکار و یارمەتیدەریان دەبین”، ئەمەش لە راگەیاندراوەكەی ژووری بازرگانیی هەولێردا هاتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ دروستكردنی ئەو پەیوەندییە و ئاسانكارییەكان، گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا كراوە.

داوامان كردووە كۆمپانیاكانی كەنەدا وەربەهێنان لە كورد...

داوامان كردووە كۆمپانیاكانی كەنەدا وەربەهێنان لە كوردستان بكەن