"لە هەموو شوێنێک شەڕ لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکەین"
ئێران دەستکراوەیی خۆی بۆ جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل راگەیاند
964+
فەرهاد حەسەن
میدیاکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی باڵای سەربازییەوە، دەستکراوەیی وڵاتەکەیان بۆ جەنگ راگەیاند و دەڵێن “لە هەموو شوێنێک شەڕ لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکەین”.
جەنەراڵ کیۆمارس حەیدەری، جێگری فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا لە ئێران رایگهیاند، وڵاتەکەی بڕیاریداوە شەڕی ئەمریکییەکان بکات لە هەر شوێنێک لە ناوچەکەدا بیاندۆزێتهوه، بەبێ گوێدانە ماوەی شەڕەکە.
وتیشی “ئەمڕۆ فەرماندەیی شەڕ لە دەستی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیادایە، لەو بنکەیەدا پلانی ئۆپەراسیۆن ئامادە دەکەین یان ئەو پلانانە پەسەند دەکەین کە لەلایەن سوپا و سوپای پاسدارانەوە پێشکەش دەکرێن، پاشان رێنمایییان دەکەین بۆ جێبەجێکردنیان”.
ئهو فهرمانده باڵایهی ئێران دهڵێت “هەموو ئەو هێرشانەی کە شوێنە هەستیار و سەرەکییەکانی قەوارەی زایۆنی دەکەنە ئامانج، بە سەرکەوتویی ئەنجام دراون، زۆرێک لە کوچە و شەقام و شوێنەکانی ناو قەوارەی زایۆنی وەک کوچە و کۆڵانەکانی غەززەیان لێهاتووه”.
جەختیشی کردەوە، “ئەمریکا سزای توند و وەردەگرێت و پەشیمان دهبێتهوه، با بزانن کە گورزی بەهێزیان لە شەڕڤانانی ئیسلام وەرگرتوە و بەردەوامیش دەبین، ئێمە بە زۆر لە ناوچەکە دەریان دەکەین”.
لایخۆشییەوە، مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لهوهكردوه، ئەوان پێیانوابوو کە دەتوانن بە چەند رۆژێک کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن، بەڵام هەڵەیەکی گەورەیان کرد، “ئێمە کۆمەڵگاکەمان دەپارێزین، کۆمەڵگایەک کە کەوتووەتە بەر هێرشێکی توند و نامرۆڤانە، تەنانەت منداڵانی قوتابخانەکانیش کراونەتە ئامانجی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنیستی”.