هەولێر
ئەمڕۆ 200 خاوەن پێداویستی تایبەت سوودمەند بوون
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
بۆ دووەمجار فێستیڤاڵێکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەولێر کرایەوە و 18 کەمئەندام بە کارە دەستییەکانیان بەشداربوون، رێكخەری فێستیڤاڵەكەش دەڵێ 200 خاوەن پێداویستی تایبەت سوودمەند بوون..
روان عەبدولمەجید، رێکخەری فیستیڤاڵەکە، بۆ 964 دوا و وتی، ” دەمانەوێت هاوکاری ئەو کەسانە بکەین کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و ئەوانیش دەبێت بێنە ناو کۆمەڵگە و خۆیان بەکەم نەزانن، لە فیستیڤاڵی لەو شێوەیەدا کارەکانیان بەدیار دەکەوێت و دەتوانن پەرە بەتواناکانیان بدەن و هاوڵاتیانیش دێن بۆ کڕینی بەرهەمەكانیان و پشتگیریکردنیان”.
لێلاڤ سەفەر، بەشداربوویەكی فێستیڤاڵەکە، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “چاوم بینایی کەمە و بۆ وێنەکێشان کێشەم بۆ دروست دەکات، بەڵام راهاتووم و ئێستا کێشەم نییه، چونکە راهاتووم، بەڵام کاتێکی زۆرم دەوێت بۆ کێشانی هەر وێنەیەك، کارەکەش بۆ حەزی خۆم دەکەم و سەرچاوەی داهاتم نییه، یەکەمجاریشمە بەشداریی فێستیڤاڵێكی وا دەکەم”.
فێستیڤاڵەکە بە سپۆنسەری حەوت کۆمپانیا بەڕێوەچوو، تێیدا هاوکاری 200 کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت کرا و 18 کەسی دیکەش بە کارە دەستییەکانیان بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا