گەڕانەوەی بێدەنگی و کۆکردنەوەی چەکەکان

بەڵێنەکانی حکومەت دۆخی گوندی لاجانی ئاسایی کردەوە

964+

فەرهاد حەسەن

دوای سێ رۆژ لە دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزی بەردەوام حکومەت بە چەند بەڵێنێک بێدەنگی گەڕاندەوە بۆ گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەمڕۆوە  خەڵکی گوند چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و لایەنی حکومەتی ئەو چەکانە کۆدەکاتەوە  کە لە رووداوەکانی چەند رۆژەدا تەقەیان پێکرابوو.

رۆژى شەممەی رابردوو بەشێک لە خەڵکى گوندەکە لەبەردەم پاڵاوگەى لاناز بۆ داواکردنى هەلیکار گردبوونەوە و ئاڵۆزى لێکەتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا  و چەندین کەسیش برینداربوون.

لە دوێنێ شەوەوە کاتێک پارێزگاى هەولێر سەردانی خەڵکە ئاوارەکەی گوندی لاجانی کرد و کۆمەڵێک بەڵێنی پێدان، هەموویان گەڕانەوە ناو ماڵەکانیان.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لەکاتێکدا سەردانی گوندەکەی کرد خەریک بوو گرژی ئاڵۆزییەکان زیاتر هەڵبکشێن و لە سنووری ئەم گوندەوە بەرەو خەبات و کەڵەک بچێت بەڵام  زوو بەڵێنی ئەوەی پێدان کە هیچ بڕیارێک بۆ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی گوندەکە نییە و تەنیا داواکراوان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

پارێزگارى هەولێر دەستبەکاربوونى لیژنەیەکى بۆ کۆکردنەوەی چەکەکان راگەیاند و وتبووی زۆربەی چەکەکان هی هێزە ئەمنییەکانن، حکومەت بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکات کە چەک دژی یاسا و حکومەت بەکاربهێنێت.

دانیشتووانى ئاوارەبووى گوندەکە کە ژمارەیان بە 400 ماڵ دادەنرێن دواى چەند کاتژمێرێک مانەوەیان لە ژێر خێمەدا لەدەرەوەى گوندەکە گەڕانەوە ماڵەکانیان.

هاوڵاتییەكی گوندی لاجان، لەکاتی سەردانەکەی پارێزگار لەوێ بوو باسی ئەوە دەکات کە پارێزگاری هەولێر و لایەنە بەرپرسەكان چەند بەڵێنێکیان بە خەڵكی گوند داوە، كە لە ماوەی دوو رۆژی دیكە گیراوەكانی گوندەكە ئازاد بكرێن و هەلی كاریشیان بۆ دابین دەكرێت لە پاڵاوگەی لاناز، ئەمەش وادەكات كێشە و گرفتەكان كۆتایی پێ بێت.

وتیشی، ئەو بەڵێنانە وایان كرد خەڵكی گوندی لاجان بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و كۆتایی بەو گردبوونەوەكە بهێنن.

لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025ـەوە خەڵكی گوندی لاجان، كە لە عەشیرەتی هەركیین، لە گوندەكە هاتوونەتە دەرەوە، بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و ئەو چەند كەسەی لە لایەن پۆلیسەوە داواكرابوون، خەڵكەكە لە دەرەوەی گوندەكە بوون و هەندێك خێمەشیان هەڵدا.

كێشەكە، كە چەند رۆژێكە سەری هەڵداوە، بە قسەی خەڵكی گوندی لاجان، بەهۆی گرفتی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی پاڵاوگەی لانازە، كە بەڵێنیان بە خەڵكی ئەوێ دابوو هەلی كاریان پێبدەن و دواتر شەڕ و خۆپێشاندان روویدا و كوژراو و برینداری لێكەوتەو، هاوكات هێزێكی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری گوندەكە بوون لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە و ئەمەش خەڵكەكەی زیاتر نیگەران كرد.

پێشتر نوێنەرانى گوندى لاجان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەباڵەخانەى وەزارەتى ناوخۆ جەختیان کردەوە، ئەو هێزەى چووەتە گوندەکە بۆ پارێزگاریکردنە لە پاڵاوگەى لاناز هیچ کەسێک دەستگیر ناکرێت و ماڵى کەسیش ناپشکنرێت، دەستگیرکراوەکانیش دواى چەند رێوشوێنێکى یاسایی ئازاد دەکرێن، هێزەکەش ناوچەکە چۆڵ دەکەن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رۆژى یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا داواى دۆزینەوە و بە دادگایی گەیاندنى تەقەکەرانى رووداوەکەى رۆژى شەممەى گوندى لاجانى کرد، جەختیکردبووەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە بدرێنە دادگا.

بەهۆی رووداوەکانی گوندی لاجان دوو رێگای سەرەکی داخران

بەهۆی رووداوەکانی گوندی لاجان دوو رێگای سەرەکی داخران

داوا دەكرێت هاوڵاتیانی لاجان بگەڕێنەوە ماڵەكانیان

داوا دەكرێت هاوڵاتیانی لاجان بگەڕێنەوە ماڵەكانیان

ژمارەی بریندارانی رووداوەکەی گوندی لاجان بوو بە 11 کەس

ژمارەی بریندارانی رووداوەکەی گوندی لاجان بوو بە 11 کەس