هاتووچۆی عێراق ئەم کارە دەکات

باج و شوێنی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان دەکرێت

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق، باج و شوێنی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان دەکات و ئەم بڕیارەشیان بە چەسپاندنی دادپەروەری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی وڵاتەکەی دەزانێت.

فەریق عودەی سەمیر ئەلحەسانی، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت دابینکردنی باج و تەرخانکردنی شوێنی تایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامان تەواوی پارێزگاکان دەگرێتەوە.

بڕیارەکە بە پشتبەستن بە رێنمایی وەزیری ناوخۆیە و بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ جێگرانی بەرێوەبەری گشتی و سەرۆکی بەشە تایبەتمەندەکانی ناو بەرێوەبەرایەتی ئەنجامدراوە.

بەپێی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەرگرتنی رەزامەندی وەزیری ناوخۆ بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە پێدانی باجی تایبەت بۆیان و دانانی نیشانە و هێمای هاتووچۆ بە شوێنی دیاریکراوی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنە گشتییەکان و ناوچە بازرگانییەکان و شوێنەکانی پشوودان.

بڕیارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە رێکخستنی میکانیزمی دابەشکردنی سەرچاوە مرۆییەکان و پەرەپێدانی ئەدای ئەفسەرانی هاتوچۆ لە رێگەی خولی راهێنانی پێشکەوتوو بۆ بەرزکردنەوەی کاراییەکانیان.