لە 10 خولەکدا چوار سەرپێچى تۆمار کرد

کامێراکەی دەروازەی خەلیفان لە تۆمارکردنی سەرپێچی ناکەوێت

ئاکام غەفور-سۆران

جادەکە بەو لێژییە و شۆفێریش بەو تیژییە، نەتیجەکەى هەر ئەوە دەبێت کە کامێراى تۆمارکردنى تیژڕۆیى سەرپێچى تۆمار بکات، ئەوە چیرۆکى کامێرا جێگیرەکەى دەروازەى خەلیفانە کە بووە بە مۆتەکەى شۆفێران.

کاتێک لە جوتسایدى سپیلکەوە بەرەو خەلیفان دەڕۆیت، لە دەروازەى قەزاکە کامێرایەکى تۆمارکردنى تیژڕۆیى وەن پۆینت دانراوە، خێرایى رێگەکەش 60 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، بەڵام بەهۆى لێژى شەقامەکە، کامێراکە رۆژانە زۆرترین سەرپێچى تۆمار دەکات، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەى شارەزاى رێگەکە نین.

ئەمڕۆ، پەیامنێرى 964، بۆماوەى 10 خولەک لاى کامێراکە وەستا، لەو ماوەیە کامێراکە 4 سەرپێچى تیژڕۆیى شۆفێرانى تۆمار کرد.

محەمەد رەسوڵ کە شۆفێرێکى قەزاى خەلیفانە، بۆ 964 قسەى کرد و دەڵێت،”خێرایى رێگەپێدراو کەمە، پێویستە بکرێتە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، چونکە رێگەکە لێژە و هەرچى بکەین ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایى دەڕوات”.

تاریق زیادـ شۆفێرێکى دانیشتووى سۆرانە، بەڵام تائێستا سێ جار بووە بە داوى ئەو کامێرایە و دەڵێت هەموو ئەمەش لە ماوەى دوو مانگ بووە.

964 داواکارى شۆفێرانى قەزاى خەلیفانى گەیاندە هاتوچۆى سۆران کە داوایان کرد خێراییەکە لە 60 بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک بەرز بکرێتەوە، بەڵام هاتوچۆى سۆران دەڵێت: زیادکردنى خێرایى رێگەپێدراو لە دەسەڵاتى بەشى ئەندازەى هاتوچۆى هەولێرە و دواکارییەکە بۆ ئەوێ بەرز دەکەنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح