لە کۆی 872 تانەی تۆمارکراو

دەستەی دادوەری عێراق 207 تانەی هەڵبژاردنی رەتکردووەتەوە

فەرهاد حەسەن

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لەكۆی زیاتر لە 800 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، دەستەی دادوەری 207 تانەی رەتكردوەتەوە و لە پێداچونەوەدایە بۆ تانەكانی دیكە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 27ـی ئەم مانگە كۆمسیۆن وەڵامی سەرجەم تانەكانی رەوانەی دەستەی دادوەری كردوە و ئەوانیش تاكو ئێستا 207 تانەیان رەتكردوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆمسیۆن، رۆژی 20ـی ئەم مانگە كۆتا وادە بوو بۆ تانەدان و بەكۆی گشتی 872 تانە لە سەرتاسەری عێراقدا تۆماركراون.

رۆژی 11.11.2025‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شەشەمی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدرا و كۆمسۆن بە كەمتر لە هەفتەیەك ئه‌نجامی كۆتایی پرۆسه‌كه‌ی راگه‌یاند و دەرگای تانەدانی كردەوە.