ماڵى سپى بۆ رۆژى رەش
بۆ دروستنەبوونى قەیرانى غاز زەخیرەى زستان بەکارهێندراوە
+964
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستی غازی ماڵان، لەدوای هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆرەوە، كارگەكانی غاز لەسلێمانی 500 تۆنیان رەوانەی بریكارەكانیان كردووە و سەرۆكی ئەنجومەنی كارگەكانی غازی سلێمانیش دەڵێت، لەو سێ رۆژەدا هیچ بڕێكمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بەو یەدەگەی لەبەردەستمانە خواستی بازاڕمان پڕكردووەتەوە.
لەبارەی خواستی غازەوە، كۆچەر تاهیر سەرۆكی ئەنجومەنی كارگەكانی غاز بە 964ی وت، “بەهۆی ئەو هێرشەوە 500 تۆن غازی عەمباركراوی كارگەكانمان لەدەستداوە و لەو ماوەیەدا هیچ بڕێكی نوێشمان بەدەست نەگەیشتووە، ئەوەی هەبووە بەو عەمباركراوەی لە هاویندا لەناو كارگەكانی خۆمان یەدەگمان كردووە پێداویستی و خواستمان پڕكردووەتەوە”.
بەوتەی كۆچەر تاهیر، یەدەگیان لە 2400 تۆنەوە كەمیكردووە بۆ نزیكەی 1900 تۆن، لەكاتێكدا كارگەكانی غاز بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی وەرزی زستان عەمباریان كردووە، بەڵام بەناچاری بەكارهێنراوە بۆئەوەی لەبازاڕدا ئەزمە دروست نەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەدوای هێرشەكەوە، بۆیەكەمجار ئەمڕۆ پێنج تانكەر غازیان بەدەست گەیشتووە، كە نزیكەی 90 تۆن غازە، هەرچەند پێداویستییەكان پڕناكاتەوە، بەڵام وەک دەڵێت: بەوەی لەبەردەستمانە خواستی خەڵكی دابین دەكەین و ناهێڵین هیچ قەیرانێک بۆ غازی ماڵان دروست ببێت.
سلێمانی خاوەنی 22 كارگەی غازە و ساڵانە لەتوانایدایە تاوەكو سێ هەزار تۆن غاز عەمبار بكات.