سەرچاوەیەک بۆ 964:

سیستمی بەرهەمێنانەوەی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئەکتیڤ نەبووەتەوە

شۆڕش قادری

سیستمی بەرهەمێنانەوەێ غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئەکتیڤ نەبووەتەوە و ئەو تانکەرانەشی دەبینرێن، بۆ گواستنەوەی غازی چەند خەزانێکی بچووکە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 29.11.2025 چەند تانکەر و بارهەڵگرێک لە دەورووبەری کێڵگەی غازی کۆرمۆر بینران، سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە جموجۆڵەکانی ناو کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە 964ـی وت، “ئەو تانکەرانەی لە دەورووبەری کێڵگەکە دەبینرێن، بۆ بەتاڵکردنی چەند خەزانێکی بچووک هاتوون و دەوامی ئاسایی خۆیان نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوی کە هەندێک میدیا دەڵێن، دەستکراوەتەوە بە گواستنەوەی غاز لە کێڵگەکە، وانییە و پڕۆسەکە کاتییە و دووبارە دەوەستێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، تا ئێستا سیستمی بەرهەمێنانەوەێ غاز لە کێڵگەکی غازی کۆرمۆر ئەکتیڤ نەبووەتەوە و هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەندێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە کە، “کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستیکردووەتەوە بە بەرهەمهێنان و پەمپکردنی غاز بە شێوەیەكی ئەزموونی، دوای ئەوەی وێستگەکانی کارەبا غازیان بۆ دابینکرا، وردە وردە کارەبا دەگەڕێتەوە”.