ماسیگرەکان ناڕازین لە قەدەغەکردنی راوەماسی

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژی 5ی ئادارەوە قەدەغەی راوەماسی دەستپێدەکات تاوەکو سەرەتای مانگی ئایار، ئەمەش ناڕەزایەتی ماسیگرەکانی لێکەوتەوە.

عەمید ھێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە تۆڕی 964 ی وت، ھەموو ساڵێک بەپێی سارد و گەرمی ئاو کاتێک دیاریدەکرێت بۆ قەدەغەی راوەماسی.

شاھۆ رەفیق راوچیە لە دەریاچەی دوکان بۆ تۆڕی 964ی باسکرد، کە بڕیاری قەدەغەی راوەماسی لەمکاتەدا باش نییە، لەبەر ئەوەی کاتەکەی هێشتا زووە.
ماسی یەکێکە لەو بەرهەمە خۆراکیانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە هەرێمی کوردستان خواردنی زیادیکردووە، هەربۆیە یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانی خەڵکی، لەو کاتانەی کە قەدەغەی راوەماسی رادەگەیەندرێت، هاوردەکردنی جۆرەکانی ماسی لە عێراق و وڵاتانی دەرودراوسێ بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.