کەمال محەمەد وەزیرى کارەبا و وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت... وێنە: پەیجى وەزارەتى کارەبا
لەماوەى 24 بۆ 48 کاتژمێر دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە
هەرێمى کوردستان نزیکەى 3000 مێگاوات کارەباى لەدەستداوە
وریا فەتاح
وەزیرى کارەباى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد، بەهۆى هێرشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆرەوە 2700 بۆ 3000 مێگاوات، بەرهەمهێنانى کارەبا کەمبووەتەوە، دەشڵێت: تا 48 کاتژمێرى داهاتوو دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە.
کەمال محەمەد وەزیرى کارەبا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاشکراى کرد، بەهۆى هێرشەکەوە 2700 تا 3000 میگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و ئێستا بڕى پێویستى بەرهەمى کارەبا 1300 تا 1400 مێگاواتە.
وتیشى،”لەئێستادا 6 بۆ 8 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى دەدرێت بە هاوڵاتیان و ئەوەى تر دەبێت مۆلیدەکان بەپێى ئەو گرێبەستەى لەگەڵ پڕۆژەى رووناکى هەیانە، کارەبا بدەن بە هاوڵاتیان”.
لەبارەى ئاسایى بوونەوەى دۆخەکە، کەمال محەمەد ئاشکراى کرد، ئەگەر هیچ شتێک نەیەتە پێشەوە و زیانەکان تەنیا بەر ئەو خەزانە کەوتبێت، ئەوا لە ماوەى 24 بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوو، دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە.
روونیشى کردەوە، هەر شەوى رابردوو نوسراوی بۆ وەزارەتى نەوت کردووە کە غازى بە زوترین کات بڕى پێویست لە غازى ماڵانیان بۆ دابین بکەن و ئەوانیش وەڵامیانداوەتەوە کە دابینى دەکەن.