ورد و درشت

شەوى رابردوو لە کێڵگەى کۆرمۆر چى روویدا؟

964+

وریا فەتاح

شەوى رابردوو، کێڵگەى غازى کۆرمۆر کەوتە بەر هێرشى درۆنى و بەهۆیەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە وەستاوە، لەژێر کاریگەرى هێرشەکەش تائێستا ئاگرەکە بەردەوامە.

چیرۆکى هێرشەکە:

سەرچاوەیەکى تایبەت لە کێڵگەکە بە 964ـى وت،”کاتژمێر 11:27 خولەکى شەوى یەکشەممەى ئەم هەفتەیە، دوو درۆن هاتنە سەر ئاسمانى کێڵگەکە و لە رێگەى سیستمى مۆنیتەرینگ کە سیستمى چاودێرییە و رادارەکان پشکنینى بۆ دەکەن، دوو درۆنەکەیان پشکنى و ئەلەرمى رادارەکانیش دەستیانکرد بە ئاگادارکردنەوە، بەڵام هیچ شتێک رووینەدا”.

وتیشى،”شەوى رابردوو لە هەمان تەوقیت 11:27 خولەک، دوو درۆن هاتنەسەر ئاسمانى کێڵگەکە و لە خەزانێکى (غازى ئێڵ پى جى)یان دا کە دەکەوێتە بەشى باکورى رۆژهەڵاتى کێڵگەکە”.

وەک باسى کرد، خەزانەکە 500 بۆ 600 هەزار مەترسێجا گازى کۆگاکراوى تێدا بووە و تائێستاش دەسوتێت و ئاگرەکەى کۆنترۆڵنەکراوە.

لە رووداوەکەدا، هیچ بریندار و گیانلەدەستدانێک نەبووەن چونکە هەر زوو کارمەندەکان چوونەتە ناو پەنکەرەکان (قاڵبى ئەستوورى کۆنکرێتین بۆ پاراستنى کارمەندان)، ئاگرەکەش تەنیا لەو غەزانە ماوەتەوە و نەگوازراوەتەوە بۆ هیچ غەزانێکى دیکەى کێڵگەکە.

تائێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە

بەوتەى سەرچاوەکەى 964، ئەو مادەیەى لەناو غەزانەکەدایە دەبێت بە تەواوى بسوتێت و نابێت رێ لە سووتانى بگیرێت، چونکە وەک دەڵێت: بە نەسووتانى لێکەوتەى تەندروستى و ژینگەیى دروست دەکات، هەربۆیە شەوى رابردوو رێگە بە تیمەکانى بەرگرى شارستانى نەدراوە تەداخول بکەن.

بۆچى رێگە بە تیمەکانى بەرگرى شارستانى نەدراوە؟

ئەو سەرچاوەیە وتى لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: لەترسى دووبارەبوونەوەى پەلامارەکە.

دووەم: ئاگرەکە پێویست بوو بە سروشتى خۆى بکوژێتەوە.

بۆچى کارەبا کەمکرایەوە؟

سەرچاوەکە ئاشکراى کرد، ئەو شوێنەى کراوەتە ئامانجى درۆنى لە نزیکییەوە کۆمپانیاى ئەگریکۆ هەیە، ئەوان لە غازى کێڵگەکە کارەبا بەرهەمدەهێنن، هەربۆیە لەبەر مەترسى هێرشەکان کارەکانیان راگرتووە.

دۆخى کێڵگەکە چۆنە؟

“لە ئێستادا دۆخى کێڵگەکە ئارامە، هەموو شتێک لە دۆخى ئاسایى خۆیەتى، بەڵام تەنیا هەندێ کارمەندى تایبەت دەتوانن بچوڵێن، و سەرجەم دەروازەکانى کێڵگەى بەرهەمهێنان داخراون”.