"خەڵک هەیە باوەڕ ناکات"

بە تێسلا کاری دلیڤەری دەکات و خواردن دەگەیەنێتە شوێنەکان

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

پێشتر هەر بیستوومانە کە بە ماتۆڕ و هەندێک کەسیش بە ئۆتۆمبێلی بچوک کاری دلیڤەری و گەیاندن دەکەن، بەڵام ئێستا لە هەولێر گەنجێک پارەیەکی زۆری داوە بە تێسلایەک و ئیشەکەی پێڕادەپەڕێنێت.

مستەفا عەلی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە و خەڵکی قەزای عەنکاوەیە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “پێشتر ئۆتۆمبێلی شەش پیستنم پێبوو، بەنزینێکی زۆری سەرف دەکرد و زۆر دەکەوت لەسەرم، بۆیە ئەم تێسلاـیەم کڕی و حەسامەوە”.

“خەڵک هەیە باوەڕ ناکات، کاتێک خواردنەکان دەگەینم، ماڵ هەبووە چووم، 20 دەقە خاوەن ماڵەکە لە بەرامبەرم راوەستاوە، نەیزانیوە دلیڤەریم و خواردنم بۆ بردووە”، مستەفا عەلی وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکەی بە 32 هەزار دۆلار کڕیوە و رۆژانە 8 بۆ 12 کاتژمێر کاری پێدەکات و هەندێک جار لە مانگێدا 10 هەزار کیلۆمەتر پێی دەڕوات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری