راپۆرتى بازرگانیکردن بە مرۆڤ بڵاوکرایەوە

زۆربەى ئەوانەى لە عێراق بازرگانیان پێوە دەکرێت کەسانى بیانین

وریا فەتاح

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، راپۆرتى “بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ ساڵى 2025″ـى بڵاوکردەوە و لەوبەشەى تایبەتە بە عێراق  دەردەکەوێت کە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە زیادى کردووە، بەڵام ئامارەکان بۆ هەرێمى کوردستان دڵخۆشکەرن و روولە کەم بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ ساڵی 2025، عێراق وەک وڵاتێک لە “ئاستی 2” دەستنیشانکراوە، چونکە هێشتا بە تەواوی پابەند نییە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەرچەندە هەوڵی بەرچاویشی داوە.

 راپۆرتەکە ئاماژە بە زیادبوونی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن دەکات، بەتایبەتی لە کەیسەکانی سواڵکردنی زۆرەملێدا، بەڵام ژمارەی قوربانیانی دەستنیشانکراو و سزا دراوەکان کەمتر بوون بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

کێشە سەرەکییەکانى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە لە راپۆرتەکە دیاریکراوە:

کەمیی دادگاییکردن و دەستنیشانکردن: ژمارەی گومانلێکراوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە دادگایی کراون و قوربانیانی دەستنیشانکراو کەمتر بوون.
بێباکیی بەرپرسان: حکومەت هیچ راپۆرتێکی لەسەر لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی گومانلێکراو یان ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەگەڵ داعش و منداڵانیان پێشکەش نەکردووە، کە لەوانەیە بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەکاربهێنرێن.
کەمبوونی پەناگە و خزمەتگوزاری: پەناگەی تایبەت بە منداڵانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نییە و دەستڕاگەیشتن بە پەناگە سنووردارە.
کێشەی یاسایی: یاسای عێراق هێشتا پێناسەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ناگرێتەوە و مەرجی بەکارهێنانی هێز و فێڵکردنی بۆ سەلماندنی تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی منداڵان هەیە، کە ئەمەش رێگرە لە دادگاییکردنێکی کاریگەر.

راپۆرتەکە داوا دەکات رێگە بە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بدرێت قوربانیان دەستنیشان بکەن و رەوانەی پەناگەکان بکرێن، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەبێ هۆکار سزا بدرێن و دەستڕاگەیشتنی تەواو بە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بۆ هەموو قوربانیان دابین بکرێت.

بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە داتا و ژمارەکان:

لە عێراق:

عێراق: لە ئاستی 2ی راپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ 2025 دایە.
لێکۆڵینەوەکان (2024): 3,182 کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.
523 گومانلێکراو بە بازرگانیکردنی سێکس.
2,695 گومانلێکراو بە کاری زۆرەملێ.
2,291 تاوانی سواڵکردنی زۆرەملێ.

بەراورد بە 2023: 1,698 کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە (زیادبوونێکی بەرچاو).

410 لێکۆڵینەوە لە بازرگانیکردنی سێکسەوە کە لە ساڵی پێشوو دەستیانپێکردووە و هێشتا بەردەوامن.

دادگاییکردن (2024): 543 کەس دادگایی کراون.
202 کەس لەسەر بازرگانیکردنی سێکس.
341 کەس لەسەر بازرگانیکردنی کاری زۆرەملێ.
205 کەس لەسەر سواڵکردنی زۆرەملێ.
بەراورد بە 2023: 1,270 کەس دادگایی کراون (کەمبوونەوە).

151 دادگاییکردن کە لە ساڵانی پێشتر دەستیانپێکردووە و هێشتا بەردەوامن.

حوکمدان (2024): 388 بازرگان سزادراون.
197 بازرگان لەسەر بازرگانیکردنی سێکس.
191 بازرگان لەسەر کاری زۆرەملێ.
252 کەس بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ 2012 سزا دراون.
136 کەس بەپێی یاساکانی تر (وەک یاسای سزادان و یاسای نیشتەجێبوون) سزا دراون.
بەراورد بە 2023: 295 حوکمدان (زیادبوون).
سزاکان: لە نێوان 5 ساڵ بەندکردن تا بەندکردنی هەتاهەتایی.

لە هەرێمی کوردستان:
13 کەیسی گومانلێکراوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە (10 سێکس، 2 کاری زۆرەملێ، 1 جۆر دیارینەکراو).
1 دادگاییکردنی نوێ لەسەر کاری زۆرەملێ.
33 دادگاییکردنی 2023 هێشتا بەردەوامن.
4 بازرگان سزادراون (3 سێکس، 1 کاری زۆرەملێ).
بەراورد بە 2023: 8 حوکمدان (کەمبوونەوە).

قوربانیانی دەستنیشانکراو (2024): 223 قوربانی.
106 عێراقی (83 ئافرەت، 22 کچ، 1 کوڕ) بە بازرگانیکردنی سێکس.
117 بە کاری زۆرەملێ (48 سواڵکەری زۆرەملێ).
بەراورد بە 2023: 335 قوربانی (کەمبوونەوە).

قوربانیانی هەرێمی کوردستان (2024): 73 قوربانی.
25 ئافرەتی پێگەیشتوو بە بازرگانیکردنی سێکس.
48 کاری زۆرەملێ (دوو حاڵەتی سواڵکردنی زۆرەملێ).
هیچ قوربانییەکی منداڵ بە بازرگانیکردنی سێکسەوە دەستنیشان نەکراوە.
بەراورد بە 2023: 121 قوربانی دەستنیشانکراو، 11 منداڵ بە بازرگانیکردنی سێکسەوە (کەمبوونەوە).

51 قوربانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەڕێنراونەتەوە.
78 قوربانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕێنراونەتەوە.
7 منداڵی چەکداری تێوەگلاو لە داعشەوە گەڕێنراونەتەوە (لە سووریاوە).

راپۆرتەکە کردووە کە بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەتایبەت کاریگەری لەسەر (ئاوارەکان، پەنابەران، ژنان، منداڵان و کرێکارانی بیانی) هەبووە، کە زۆرترین مەترسیی لاقەکردن، سواڵکردنی زۆرەملێ، بەکارهێنانی سێکسی و کاری زۆرەملێیان لەسەرە.

بۆ خوێندنەوەى دەقى راپۆرتەکە کلیک لێرە بکە