لە بازیان و سەیدسادق سێ راوچی قۆڵبەست کران - وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لە بازیان و سەیدسادق
10 بووکە سوورە ئازاد کران؛ سێ راوچی قۆڵبەست کران
964+
شۆڕش قادری
لە بازیان راوچییەک بە 10 بووکە سوورەوە دەستگیر کرا و بووکە سوورەکان ئازاد کران، لە سەیدسادقیش دوو راوچی دیکە قۆڵبەست کران و کەلوپەل و پێداویستییەکانیان لێ سەنرا.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، لە ئەنجامی دەرچوونێکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان بۆ سنووری گوندی (بی بی جەگ) کەسێک بە تۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر کراوە.
“لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو راوچییە، تۆڕێکی راوکردنی باڵندە لەگەڵ سێ قەفەز و 10 باڵندەی راوکراو لە جۆری بووکە سوورە، دەستیان بەسەرداگیراوە”، هێمن کەمەرخان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی دادوەر باڵندەکان ئازاد کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ دۆسیەکە رێکخراوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.
هەر ئەمڕۆ، لە سەیدسادقـیش دوو کەس بە تۆمەتی راوکردنی ئاژەڵی کێوی دەستگیر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوانیش کراوەتەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.