لە قەزای دووبز
بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیەی تەقە لە ماڵەکەی کرا سوڵح لەگەڵ تەقەکەران دەکەن
964+
ژووری هەواڵ
بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیەی قەزای دووبز کە لەلایەن پاسەوانانی بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، تەقە کە ماڵەکەی کرا، بە سوڵحی عەشایەری کێشەکەیان چارەسەر دەکەن.
سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە دۆسیەکە لە قەزای دووبز بە 964ـی وت، “ئەفسەرێکی باڵای نزیک پەرلەمانتار موهیمەن حەمدانی و سەرۆکی هۆزی ئەلبوحەمدان مەیسەم حەمدانی بە جیا سەردانی ماڵی ئەو پێشمەرگەیان کردووە و لەگەڵ بنەماڵەکەی دانیشتوون بۆ ئەوەی کێشەکە لەوە گەورەتر نەبێت و بە زووترین کات سوڵح بکەن”.
باسی لەوەشکرد، بڕیارە سبەینێ کەسوکاری پێشمەرگەکە بچنە دادگای دووبز و بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، دەست لە دۆسیەکە هەڵبگرن، رۆژی هەینی یان شەممەش، سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکانی ناوچەکە دادەنیشن و رێککەوتنی کۆتایی رادەگەیەنن.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە نووسینگەی موهەیمەن حەمدانی، ئەوان پشتڕاستیان کردەوە کە رێککەوتن کراوە بەڵام ئامادە نەبوون زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بدرکێنن.
رۆژی شەممە 15.11.2025، پاسەوانانی بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، تەقەیان لە ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەیی زێرەڤانی بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکوک کرد و دواتر شەش پاسەوانى ئەو پەرلەمانتارە دەستگیر کران.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری