هاوین بەرناکەوێ
لە گەرمیان؛ ئێستا چۆڵە بچن پاسپۆرت دەربکەن
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان کە کارەکانیان بۆ وەرزی هاوین و پشووەکان دانەنێن، چونکە ئەو کاتە لۆدێکی زۆریان دەکەوێتە سەر، هاوکات مژدەى کەمکردنەوەى رسوماتى “VIP” و نوێکردنەوەى پێشوەختەى پاسپۆرت دەدات.
ریاز محەمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی⁄2 (گەرمیان) بە 964ی راگەیاند، لە ئێستادا نوسینگەکەیان چۆڵە و هاوڵاتیان کەمتر سەردانیان دەکەن، بەڵام ئەزموون دەریخستووە لە مانگی شەشەوە تا مانگی نۆ، بەهۆی پشووی خوێندنگەکان و وەرزی گەشتکردنەوە، لۆدێکی زۆر دەکەوێتە سەر نوسینگەکە و قەرەباڵغ دەبێت.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی گەرمیان ئاشکرایکرد، گۆڕانکاریی باش لە بڕی رسومات کراوە و نرخەکان زۆر کەمکراونەتەوە، بەجۆرێک:
یەکەم: پێشتر هەر کەسێک بەبێ حجز بیویستایە پاسپۆرت دەربهێنێت 100 هەزار دیناری لێوەردەگیرا، بەڵام ئێستا کراوە بە خێزانی و بۆ خێزانێک تا پێنج کەس بن، هەموویان پێکەوە تەنیا 50 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.
دووەم: ئەگەر هاوڵاتییەك پاسپۆرتەکەی ساڵێک زیاتری مابێت و بخوازێت لەسەر ویستی خۆی تازەی بکاتەوە، پێشتر 200 هەزار دیناری لێوەردەگیرا، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ 50 هەزار دینار.
ریاز محەمەد روونیشیکردەوە، ئەگەر پاسپۆرتەکە کەمتر لە ساڵێکی مابێت بۆ بەسەرچوون، ئەوا بەپێی یاسا بێبەرامبەر (واتە تەنیا رسوماتی ئاسایی) تازە دەکرێتەوە و هیچ بڕە پارەیەکی زیادە وەرناگیرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح