كرێكارێكی هەولێر خەڵاتی دەستپاكیی فرسەت سۆفی پێشكەش كرا
چی كردووە؟
خەڵاتی دەستپاكی “فرسەت سۆفی” بە كرێكارێک درا
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ یادی پێنج ساڵەی كۆچی دوایی پارێزگای پێشووی هەولێر د. فرسەت سۆفی، لە رێوڕەسمێكدا خەڵاتی “دەستپاكی” بە كرێكارێكی هەولێر درا، كە كارێكی مرۆڤانە و پڕ لە ئەمەك و دەستپاكی ئەنجام دا.
رێوڕەسمی یادی پێنج ساڵەی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و لەسەر گۆڕی خوالێخۆشبوو ئەنجامدرا، كە پارێزگاری هەولێر و بنەماڵەی فرسەت سۆفی و ژمارەیەكی دیكەی بەرپرس و هاوڵاتیان ئامادەبوون.
هەر لە بۆنەكەدا، خەڵاتی “دەستپاكیی د. فرسەت سۆفی” پێشكەش بە كرێكارێكی خەڵكی هەولێر بە ناوی نەجات نادر سادق كرا، كە لە رۆژانی رابردوو جانتایەكی پڕ پارە و كارتی بانكی و كەلوپەلی دیكەی دۆزیوەتەوە و رادەستی خاوەنەكەی كردووەتەوە، كە گەشتیارێكی عەرەب بووە.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو لە بارەی خەڵاتەكە بە 964ی راگەیاند، كرێكارەكە هەژارە و كەسێكیشی لە ماڵەوە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و كرێچییشە، ژیانی سەختە، بەڵام ئامادەبوو ئەو جانتایە بە ئەمانەتەوە بداتەوە خاوەنەكەی، كە زیاتر لە 15 هەزار دۆلار و چەندین شتی دیكەی بەبەهای تێدابوو، بۆیە بە شایستەی خەڵاتەكەمان زانی”.
وتیشی، خەڵاتی دەستپاكیی د. فرسەت سۆفی پێشكەش بەو كرێكارە كرا، كە بریتییەكە لە بڕوانامەی رێزلێنان و پەیكەرێك، لەگەڵ بڕی سێ هەزار دۆلار.
ئەمە پێنجەم ساڵە خەڵاتی دەستپاكی د. فرسەت، کە وەک سیمبولی دەستپاکى و دادپەروەریی دەناسێندرێت، لە لایەن پارێزگای هەولێرەوە پێشكەش دەكرێت و وەك وەفا و یادێكە بۆ پارێزگاری پێشووی كۆچكردوو.