داتای کۆمیسیۆنە

تا نیوەڕۆ لە سۆران سەدا 75ـی هێزە ئەمنییەکان چوون بۆ دەنگدان

964+

ئاکام غەفوور – سۆران

رێژی دەنگدان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، %75ـی تێپەڕاندووە، ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیارێکی کۆمیسیۆن دەڵێ، جیهازەکان زۆرباش کاردەکەن و دەنگدەرانیش نیزامیترن.

هێمن وەسمان، سەرپەرشتیاری بنکەکانی دەنگدانی سۆران بە 964ـی وت، “ئێستا کە نیوەڕۆیە بنکە هەیە تەنیا، 40 دەنگی ماوە تەواو بێت، وە جیهازەکان هۆکاری خێرایی پڕۆسەکەن”.

بۆ دەنگدانی تایبەت 14 بنکەو 61 وێستگە ئامادەکراون و 18000 هەزار دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانی هەیە، لە هەریەک لە قەزاکانی ناوەندی سۆران، سیدەکان، مێرگەسۆر و چۆمان، بنکەی دەنگدان کراونەتەوە لە قەزاکانی خەلیفان و رواندز هیچ بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت نین و دەنگدەری تایبەتی ئەو دوو قەزایە لە سۆران دەتوانن دەنگ بدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9.11.2025، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم شارەکانی هەرێم و عێراق سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و دەنگ دەدەن.

لەمڕۆدا هەر یەک لە کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، دەزگا و ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق، دەستەی حەشدی شەعبی، دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری و دژەتیرۆر و دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ئاوارەکان دەنگ دەدەن.

پڕۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت و رۆژی 11.11.2025 دەنگدانی گشتی دەستپێدەکات.

به‌پێی ئاماری فه‌رمى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ئەمڕۆ له‌ ده‌نگدانى تایبه‌تدا زیاتر له‌ 145 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ و زیاتر له‌ 124 هه‌زار كارمه‌ندى وه‌زاره‌تى ناوخۆش له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگ ده‌ده‌ن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

700 کارمەندی هاتوچۆ لە دەنگدانی گشتی دەنگ دەدەن

700 کارمەندی هاتوچۆ لە دەنگدانی گشتی دەنگ دەدەن

لە خورماتوو نزیکەی 10 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ما...

لە خورماتوو نزیکەی 10 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە