تەنیا تێستی ماوە

%95ـی نۆژەنکردنەوەی ئیفراز سێ تەواو بووە

964+

فەرمان سادق

کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئیفراز  سێ گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمیش دەڵێ، تەنیا تێستی ماوە.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی بۆڕییەکانی ئیفراز سێی هەولێر، دوای 36 جار شکانی بۆڕییەکە دێت.

ئەو بەشیە بۆڕییەکە کە بڕیاری گۆڕینی دراوە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 20 ملیار دینار و 842 ملیۆن و 500 دینارە و رۆژی 21.12.2022 دەست بە گۆڕینی کرا.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم بە 964ـی وت، 95%ـی کارە تەنکنیکییەکانی تەواو بووە، تەواوی بۆڕییەکان گۆڕدراون، ئەوەی ماوەتەوە بەیەک بەستانەوەیەتی.

زیاتر وتیشی “کارەکان تەواو بووە، ماوەتەوە بەیەکەوە گرێ بدرێنەوە و تێستی بۆڕییەکە بکرێت، دواتر چاڵەکە پڕ دەکرێتەوە”.

پڕۆژەی ئیفرازی سێ‌ 40%ـی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەكات، بە قسەی وەزارەتی شارەوانی، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێك بۆرییەكە دەشكاوە.

بەگوێرەی پرۆژەکە، بۆرییەکە لە جۆری جی بی ئاڕەوە دەگۆڕدرێت بۆ کاربۆن ستیل، لەپێناو بەرگەگرتنی فشاری زیاتر.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ 15 ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. هەر جارێک بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بشکێت، لە هەر کاتژێرێکدا نزیکەی 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەچێت.

هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە. ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.