ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق
دەیان ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە
بە لێبوردنى گشتى زیاتر لە 37 هەزار کەس ئازاد کراون
وریا فەتاح
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ئاشکراى دەکات، بە یاساى لێبوردنى گشتى تا ئێستا زیاتر لە 37 هەزار کەس لە زیندانەکان ئازادکراون و نزیکەى 41 ملیار دیناریش گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025، نوێترین ئاماری جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ مانگی تشرینی یەکەم بڵاوکردەوە و بەپێى راگەیەندراوەکە، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە زیندان و بنکەکانی راگرتن بەپێی یاساکە ئازادکراون گەیشتووەتە 37,253 کەس.
هەروەها، 150 هەزار و 471 کەسی دیکەش بە یاساکە شمول کراون، کە بریتین لەو تۆمەتبارانەی فەرمانی گرتن یان بانگهێشتکردنیان هەبووە، یان بە کەفالەت ئازادکرابوون و ئەوانەی سزای غیابییان بۆ دەرچووبوو.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا، ئاماژە بەو بڕە پارانە کراوە کە گەڕێندراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، 34 ملیار و 901 ملیۆن و قسورێک بووە.