لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن لە هەولێر

لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بردنەژوورەوەی مۆبایل قەدەغەیە

ئەرسەلان عەبدوڵا

لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر كۆبوونەوە، دووپاتی ئەوەش كرایەوە لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا دەنگدەران نابێت مۆبایل ببەنە ژوورەوە.

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 5.11.2025 بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر ئۆمێد خۆشناو بەڕێوەچوو، هەروەك راگەیاندنی پارێزگا ئاماژەی پێداوە.

“لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و فەرهەمکردنى ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوەچوو”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.

هەروەها هاتووە، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى گشتیى دەنگدان لە رۆژانى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە، کە بڕیارە لە 9 و 11ى ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوە ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ و بەرگریی شارستانی و تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی دیاریی کرد و رێکار و رێوشوێنی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکان داڕشت.

لە راگەیاندراوەكەدا لە بارەی كۆبوونەوەكە دەڵێن، “جەخت لە بڕیار و راسپاردەکانى کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای ئەمنی کرایەوە، بە تایبەتى لە رۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەک دەنگدەران مۆبایل لە بنکەکانی دەنگدان ببەنە ژوورەوە و بەكاری بهێنن، سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنیش کە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت پێشوەختە لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمار کرابن و باجی کۆمیسیۆنیان پێبێت.