كه‌مانجه‌ و ئیقاع و گۆرانیان بۆ برد

په‌روه‌رده‌ى كۆیه‌ به شێوازێكی جیاواز سه‌ردانى مامۆستایه‌كى نه‌خۆشیان كرد

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

په‌روه‌رده‌ى قه‌زاى كۆیه‌ به‌شێوازێكی جیاواز سه‌ردانى مامۆستایه‌كى نه‌خۆشیان كرد كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌ هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ له ‌ماڵه‌وه‌ كه‌وتووه‌.

له‌ جیاتى چه‌پكه‌گوڵ، به‌ كه‌مانجه‌ و ئیقاعه‌وه‌ و به‌گۆرانی وتن چوونه‌ ناو ماڵیان و به‌ گۆرانى “بابچینه‌ كوێستان بۆ گه‌شتى ئه‌م ناوه‌” مامۆستاكه‌یان دڵخۆش كرد.

په‌روه‌رده‌ى كۆیه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، مامۆستا شه‌هێن عوسمان به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روره‌ده‌‌، لەگەڵ لێپرسراوی چالاکی هونەری قوتابخانەکان و سەرپەرشتیارانی هونەری لە چالاکی هونەری قوتابخانەکان، به‌مه‌به‌ستى هه‌واڵ پرسین و زووچاكبوونه‌وه‌ى، سەردانی ماڵی مامۆستا ئازا ئەسعه‌دیان کرد.

مامۆستا ئازا، لێپرسراوی  پێشووی بەشی چالاکی هونەری قوتابخانەکانی پەروەردەی کۆیە بووه‌ و به‌هاتنى مامۆستایان بۆ ماڵه‌كه‌ى به‌وشێوازه‌ جیاوازه‌ خۆشاڵى پێوه‌دیاره‌.

مامۆستایانى میوان هه‌ر به‌ته‌نیا یه‌ك گۆرانیان بۆ مامۆستا نه‌خۆشه‌كه‌ نه‌وت، به‌ڵكو وه‌ك له‌ دیمه‌نه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت گۆرانى له‌سه‌ر گۆرانى بۆ مامۆستاكه‌ ده‌ڵێن و مه‌جلیسێكی خۆش و ئاوه‌دانیان بۆ دروستكردووه‌.