چەمچەماڵ
دوای دوو هەفتە لە دەستگیرکردنی؛ داوای ئازادکردنی محەمەد قوربانی دەکرێت
964+
وریا فەتاح
تۆڕی هاوپەیمانی 19، داوای ئازادکردنی بەپەلەی محەمەد قوربانی، چالاکوانی دیاری شاری چەمچەماڵ دەکات، کە ماوەی دوو هەفتەیە بەبێ هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
محەمەد قوربانی، کە بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی لە خراپی خزمەتگوزاری و بارودۆخی گشتی چەمچەماڵ دەگرت، بەپێی وتەی باوکی، خۆی سەردانی ئاسایشی کردووە و دواتر ئاگادارکراونەتەوە کە بەپێی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستبەسەرکراوە.
رەئوف قوربانی، باوکی محەمەد، بە تۆڕی هاوپەیمانی 19ـى وتووە: “پێیان وتم چوارشەممە ئازاد دەکرێت، بەڵام دیار نییە بۆچی دواخراوە و جارێکی تر دەڵێنەوە چوارشەممە.”
بنەماڵەکەی ویستوویانە دۆسیەکە بە بێدەنگی چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی ئاڵۆزتر نەبێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستگیرکردنیدا و ئازادنەکردنی، ئەم بابەتە خرایەڕوو.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 جەخت دەکاتەوە کە ئەو ماددە یاساییەی محەمەدی پێ دەستگیرکراوە، رێگە دەدات بە دانانی کەفالەت تۆمەتبار ئازاد بکرێت، بۆیە داوا دەکەن دەستبەجێ بە کەفالەت ئازاد بکرێت.