دانیشتووانی چەند گوندێکی پیرەمەگرون
لەبەر بێ ئاوی مەڕوماڵات نابەنەوە گوند و شەوان لە دەرەوە دەمێننەوە
964+
دەشتی عارف
دانیشتوانی چەند گوندێکی قەزای پیرەمەگرون بێ ئاوی تەنگی پێهەڵچنیون و هەر لەبەر ئەوەش مەڕوماڵات نابەنەوە ناو گوند و شەوان لە دەرەوە دەمێننەوە.
سوارە محەمەد دانیشتووی گوندی تەڕەمارە بە 964ـی وت، “نزیکەی دوو مانگە بە تانکەر و دەبە، ئاو لە گوندەکانی دراوسێمان دێنین، جار بەجاریش ئاو دەکڕین بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانمان لە تینوێتیدا نەخنکێن، خۆشمان بە زەحمەت ئاوی خواردنەوەمان دەست دەکەوێ بۆ ماڵەوە”.
“ئێستا چوار رانە مەڕ کە نزیکەی هەزار سەر مەڕ و بزن دەبن، بەیەکەوە لە ناو چیاکان دەمێننەوە و نایانبەینەوە ماڵەوە، چونکە زۆر دوور کەوتووینەتەوە لە گوند و ناتوانین هەموو رۆژێک هاتوچۆ بکەین”، سوارە محەمەد وای وت.
کەمبارانی و وشکەساڵی هۆکاری سەرەکی ئەو کەم ئاوییەیە کە رووی لە ناوچەکە کردووە و زیاتر لە 12 گوندی سنووری پیرەمەگرون بیرەکانیان وشک بووە، گوندنشینان چاوەڕێی بارانی بە رەحمەتن بەو هیوایەی بیرەکانیان بژێنێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری