بنیامین نەتانیاهو:
“فەرمانی هێرشی توند دەدەمە سوپا دژ بە غەزە”
964+
ژێوار خدر
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەیدا هێرشی توند بکاتە سەر غەزە.
نووسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28.10.2025 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە، سەرۆک وەزیران، سوپای ئیسرائیلی راسپارد کە بە زوویی هێرشێکی توند ئەنجام بدەن بۆ سەر کەرتی غەزە.”
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەری سکای نیوزی عەرەبی ئەم فەرمانە دوای کۆتایی هاتنی ئەو راوێژە ئەمنییە هاتووە کە نەتانیاهۆ ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەکەی ئەنجامی داوە، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو “پێشێڵکارییانەی حەماس” ئەنجامیداوە.
دەشڵێت، هەواڵدەریی تایبەت بە پەخشی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، “ئیسرائیل بڕیاریداوە ئەو ناوچەیەی لە کەرتی غەزە داوای کردووە، فراوانتر بکات.”
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماسی بە پێشێڵکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە یەکێک لەو تەرمانەی حەماس رادەستی سوپای ئیسرائیلی کردوونەتەوە، پاشماوەی تەرمی ئەو بارمەتەیە بووە کە پێشتر سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەزە وەریگرتبووەوە.
شەوی یەکشەممەی رابردوو، حەماس رایگەیاند، کۆتایی بە رادەستکردنی “شازدەیەمین تەرمی بارمتەکان” هێناوە لە کۆی 28 بارمتە، کە 10ـی ئەم مانگە ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر، رێککەوتن بارمتەکان رادەستی یەکتر بکەنەوە.
“بەڵام پشکنینەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە ئەوەی حەماس رادەستی کردووەتەوە، پاشماوەی تەرمی ئەو بارمتەیە بووە کە سوپای ئیسرائیل نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا وەریگرتبووەوە”، ئەمە بەپێی بەیاننامەیەکی نوسینگەی نەتانیاهۆ.
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس دووپاتیکردووەتەوە کە پابەندی ئاگربەست و رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکانە، جەختی لەوەش کردەوە کە، بە درێژایی شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی خاڵەکانی.