هونەرمەند عوسمان هەورامی لە مەریوان چاوی کەوت بە عەباس ساڵحی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران و ئارش لهۆنی پارێزگاری سنە – وێنە؛ مێهر نیوز
"ناوی بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە"
کاربەدەستانی ئێران ستایشی هونەرمەند عوسمان هەورامی دەکەن
شۆڕش قادری
کاربەدەستانی ئێران ستایشی هونەرمەند عوسمان هەورامی دەکەن و دەڵێن، شانازی پێوە دەکەن و ناوی بۆ هەتا هەتایە لە بیر و هزری خەڵکدا دەمێنێتەوە.
دوو رۆژە فێستیڤاڵی سەرشەقام لە مەریوان دەستیپێکردووە و مامۆستا عوسمان هەورامی هونەرمەندی دیاری کوردستانیش لەوێیە، ئەمڕۆ سێشەممە 28.10.2025 چاوی کەوت بە عەباس ساڵحی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران و ئارش لهۆنی پارێزگاری سنە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری عەباس ساڵحی بڵاویکردووەتەوە کە، “مامۆستا عوسمان هەورامی کەسایەتییەکەی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستە و لەناو دڵی خەڵکدایە، هەر ئەوەش وایکردووە کە پێشوازییەکی گەرمی لێبکرێت”.
ساڵحی بە مامۆستا عوسمانی وتووە، “مۆسیقا و هونەری هەورامی هەروەک سروشتی هەورامان لە لوتکە دایە و لەناو ئێراندا جێی خۆی کردووەتەوە، بۆیە هیوادارین بۆ هەمیشە بە یەکەوە بمێنینەوە و خەڵکیش شانازی بە هونەرەکەتانەوە بکەن”.
هاوکات ئارش لهۆنی پارێزگاری سنە وتوویەتی، “مامۆستا عوسمان هەورامی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی هەورامان و خزمەتێکی گەورەی بە مۆسیقا و فەرهەنگ و کەلتووری ناوچەکە کردووە”.