چی دەگوزەرێت؟
قەڵا لە پاریس.. پاریس لە قەڵا
ژووری هەواڵ
پێش نزیکەی دوو هەفتە دۆسیێ گەرموگوڕەکەی قەڵای هەولێرو ئایندەی کۆنترین شاری ئاوەدان لەپاریس بوو، دوای ئەوەش نۆرەی ئەوە هات نوێنەرەکەی پاریس و مشوورخۆرانی قەڵا لە هەولێرەوە بزانن چی دەگوزەرێت.
یان بریم کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کەمێک لەمەوبەر لەسەر ئێکس نوسیویەتی کە چووەتە قەڵای هەولێر و لەنزیکەوە لەوەی روانیوە بزانێت تیمە فەرەنسی و کوردییەکە چۆن ئیشەکانیان بەڕێوەدەچێت، کونسوڵ نوسیویەتی ”بەڕێز باز بەرزنجی، ئەوپەڕی خۆشحاڵم کە پێکەوە چووینە قەڵا و چاودێری پرۆسەی پشکنینی فەرەنسی کوردیمان کرد، ئەمە دەریدەخات کە چۆن فەرەنسا لە هەولێر کار بۆ چەسپاندنی ئاڵوگۆڕی زانستی و کەلتوری دەکات، زۆر کاری تر ماوە پێکەوە بیکەین، چاومان لەسەر هاوکاری زیاترە”.
شێخ باز بەرزنجی خاوەنی کۆمپانیای کار، ساڵانێکی باشە دەستی بە قەڵاوەیە، بەم دواییەش لەگەڵ یونسکۆ رێککەوتننامەیەکیان لە بارەی قەڵای هەولێرەوە ئیمزاکرد.
هەر کونسوڵەکەی فەرەنسا نییە، بەڵکو شێخ باز بەرزنجی خۆیشی لەسەر ئێکس باسی ئەو سەردانەی کردووەو نوسیویەتی: ”هەفتەی رابردوو لەگەڵ یان بریم کونسوڵی گشتی فەرەنسا سەردانی قەڵای هەولێرمان کردو لە نزیکەوە کاری کنەو پشکنینی تیمە فەرەنسییەکەمان بینی، ئەو دۆزینەوانەی ئەوان پێی گەیشتوون کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی قەڵا”.
ئێستا زیاتر لە جاران چاو لەسەر قەڵایەو بڕیارە ئیشی باشی بۆ بکرێت، رۆژی 14ی ئەم مانگە وەفدێکی هەرێمی کوردستان لە پاریس بوون و لە بارەگای یونسکۆ شێخ بازو نوێنەری یونسکۆ رێک کەوتن، بۆ چوار ساڵی داهاتوو شێخ باز کۆمەکی تازەکردنەوەی قەڵا دەکات.
ساڵی 2014 یونسکۆ قەڵای خستە لیستی میراتی جیهانییەوە، بەو پێیەی هەشت هەزار ساڵە ئاوەدانە، لەو ساڵەوە ئیتر چەند تیمێکی نێودەوڵەتی دێنە ئێرەو بەشە جیاوازەکانی نۆژەن دەکەنەوە.