هاوپەیمانانی ناتۆ وادەڵێت؛

“پێشوازی لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ رەوانەکردنی 5000 سەرباز دەکەین”


شانیا بێستون

ئەمڕۆ هەینی 22-5-2026، مارک رووتە سکرتێری گشتی ناتۆ، پێشوازی لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد سەبارەت بە ناردنی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی بۆ پۆڵەندا، هاوکات بڕیارەکەی ئەمریکا لە دوای ئەو کاردانەوەیەیە کە هەفتەی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، بڕیاری جێگیرکردنی چوار هەزار سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە.

سەبارەت بە ناردنی هێزەکە، ترەمپ لە تروسۆشیاڵ بڵاویکردەوە، بیرۆکەی ناردنی پێنج هەزار سەرباز بۆ پۆڵەندا بە هۆی پتەوی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کارۆڵ ناڤرۆتسکی سەرۆکی وڵاتەکە، هەرچەندە لە بڵاکراوەکەدا ترەمپ ئاماژەی بەوە نەکردووە، کە ئەم هێزە بەشێکن لە پلانە کۆنەکە یاخود ئامانجیان ئۆپەراسیۆنێکی نوێیە و هاوکات سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا بە هەنگاوێکی باش وەسفی بڕیارەکەی ترەمپی کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە ترەمپ هێشتا نائومێدە لە بێ هەڵوێستی بەشێك لە هاوپەیمانانی ناتۆ لە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئێران، هاوکات وەزیری دەرەوی ئەڵمانیاش ئەم بڕیارەی وەک هەنگاوێکی پتەو مانەوەی هاوپەیمانی ناتۆ هەڵسەنگاندووە و پاراستنی پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا و جیهاندایە.