لە پاریس ئیشێکی گەورە بۆ قەڵای هەولێر کرا
قەرات دەکرێتەوە شوێنێکی پڕ جموجۆڵ و ژیان
ژووری هەواڵ
ئەوەی ئەمڕۆ لە پاریس بۆ قەڵای هەولێر کرا ئیشێکی گەورە بوو، قەڵا دێرینەکەی شار تازە دەکرێتەوەو پڕ لە ژیان و جموجۆڵ دەبێتەوە، هەر ئەوەش نییە خەڵکێکی باش لە بواری شوێنەوارو گەشتوگوزار خوێندەوار دەکرێن و سەبەبێک دەبن بۆ ئەوەی قەڵا ببێتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ.
لە ناو بارەگای رێکخراوی یونسکۆ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ئەمڕۆ 14.10.2025 لە سەر مێزێکی خڕ، مشوورخۆرانی قەڵای هەولێر کۆبووبوونەوە، بەرپرسانی یونسکۆ و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و شێخ باز بەرزنجی خاوەنی کۆمپانیای کارو نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە یونسکۆ گفتوگۆیان دەکرد، هەر لەوێ یونسکۆو کۆمپانیای کار رێککەوتن بۆ ئەوەی بەشێکی گرنگی ماستەرپلانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر جێبەجێ بکەن، کار بۆ چوار ساڵ بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە.
ساڵی 2014 یونسکۆ قەڵای هەولێری خستە ریزی میراتی جیهانی، قەڵا مێژووەکەی هەشت هەزار ساڵە.
هەر لەو ساڵەوە دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی قەڵاو دواتر کۆمپانیای کار چووە ناو پرۆژەکەو تێچووی تازەکردنەوەو پاراستنی قەڵای هەولێری گرتە ئەستۆ، ئەوەی ئەمڕۆ کرا بەشێکی دیکەی ئەو ماستەر پلانەیە، خانووەکانی ناو قەڵا تازە دەکرێنەوە، ناوەندی توێژینەوە دروست دەکرێت، قوتابی لە بواری شوێنەوارو گەشتیاری پێدەگەیەندرێن، قەڵا دەکرێتەوە شوێنێکی زیندووی پڕ جموجۆڵ.
لەو دانیشتنە بەرپرسەکەی یونسکۆ بەخێرهاتنی وەفدەکەی هەرێمی کردو باسی کرد قەڵا بۆ ئەوان چەند گرنگە، دوای ئەو نوێنەرەکەی عێراق قسەی لێ وەرگرتەوەو ئەویش وتی کە قەڵا بۆ عێراق زۆر جێی بایەخەو حکومەت دەیەوێت یونسکۆ بە باشی چاوی لەسەری بێت.
ئینجا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کردو وتی ”شەرەفێکی گەورەیە من لێرەم بۆ ئەوەی شاهێدی واژۆکردنی ئەم پرۆژەیە بم، سوپاسی ئەم هاوبەشییە دەکەین و پێی دەزانین، دەمانەوێ قەڵا بگەڕێنینەوە سەردەمی زێڕینی خۆی ئەمە تەنیا بە حکومەت ناکرێت، بەڵکو هاوکاری کەرتی تایبەتی دەوێت، سوپاسی شێخ باز دەکەین کە ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە”.
بەرپرسی خانەخوێ، داوای لە شێخ باز بەرزنجی کرد ئەویش قسەی هەبێت، شێخ باز وتی ”شەرەفێکی گەورەیە ئەمڕۆ لە پاریس لەگەڵ ئێوەم لە بارەگای یونسکۆ، بۆ واژۆکردنی ئەم رێکەوتنە بە ماناو گرنگە، بۆ کۆمپانیای کار ئەمە تەنیا هاوبەشی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکە بۆ میراتی ئێمە، قەڵای هەولێر تەنیا قەڵایەکی مێژوویی نییە، بەڵکو سیمبولی شوناسی و خۆراگری و ئاشتیە، دیدی ئێمە ئەوەیە قەڵا وەکو مۆنۆمێنتێکی رابردوو نەبینین. بەڵکو وەکو دڵی ئاڵوگۆڕی کەلتوری بیبینن”.
هەر ئەوەندەی قسەکان تەواو بوو هەردوو بەرپرسەکەی یونسکۆو کار ئیمزای خۆیان خستە سەر رێکەوتننامەکەو هەموو ئەوانەی لەوێ بوون چەپڵەیان بۆ لێدان.
یونسکۆ (رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو زانست و کەلتور) یەکێک لە ئیشە گرنگەکانی ئاگالێبوونی شوێنەوارەکانە، لیستێکی دوورو درێژی هەیە بۆ ئەو شوێنانەی ناوی ناون میراتی جیهانی، لە عێراقدا شەش شوێنی دەستنیشان کردووە، ئەوانیش بریتین لە (شاری حەزر، قەڵای شرقاتی ئاشوری، شاری سامەرای کەلەپوری، قەڵای هەولێر، هۆڕەکان، بابل).
هەر دوای ئەم رێکەوتننامەیە یونسکۆ بەیاننەمەیەکی بڵاوکردەوە ئاوا دەڵێت:
یونسکۆ دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر وەک میراتی جیهانی رادەگەیەنێت
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی یونسکۆ، ئۆدری ئازولای، ئەمڕۆ پڕۆگرامێکی نوێی بۆ پاراستنی میراتی کولتووری عێراق راگەیاند. پڕۆژەی “بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر وەک میراتی جیهانی”، کە لەلایەن کۆمپانیای کار بە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی پشتگیری دارایی کراوە، دەستپێشخەرییەکی گرنگە کە ئامانجی پاراستن، نۆژەنکردنەوە، و پەرەپێدانی یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییە ناوازەکانی عێراق کە لە لیستی میراتی جیهانیدایە.
ئۆدری ئازولای رایگەیاند: “ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە نیشانەی بەهێزبوونی هاوکارییەکانمانە لەگەڵ کوردستانی عێراق و بەگشتی لەگەڵ عێراق لە پاراستنی میراتی کولتووری دەوڵەمەندی، لە دڵی قەڵای هەولێردا، شوێنەوارێکی سەرەکی لە مێژووی ناوچەکە دەپارێزین، هاوکات رۆڵی ناوەندیی قەڵاکە لە پەرەسەندنی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری هاوچەرخدا دووپات دەکەینەوە.”
لە چوارچێوەی ئەم هاوکارییە نوێیەدا، کە بە مەراسیمێکی واژۆکردن لە پاریس دەستیپێکرد، ژمارەیەک لە پێکهاتە مێژووییەکانی ناو قەڵاکە، لەوانە چەندین بینای مێژوویی، نۆژەن دەکرێنەوە بۆ باشترکردنی دەستگەیشتن، بەرزکردنەوەی ئەزموونی گەشتیاران، و هاندانی بەشداریی کولتووری. پڕۆژەکە هەوڵیش دەدات پەرە بە گەشەسەندنی ئابووری لەناو قەڵاکەدا بدات بە بەشداریکردنی بازرگانی و خاوەنکارە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردنی چالاکییە بازرگانییەکان لە دوکان، کافێ، و شوێنە کولتوورییەکان. راهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانیش بەشێکی گرنگی دیکەی پڕۆژەکە دەبێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی پیشەوەران و تەکنیککارانی ناوخۆیی بە باشی لە بەڕێوەبردنی میراتدا شارەزا بن.
ئەم پڕۆژە نوێیە لەسەر هەوڵەکانی پێشووی یونسکۆ بنیادنراوە بۆ پاراستن و بووژاندنەوەی میراتی کولتووری عێراق، بەتایبەتی لە رێگەی دەستپێشخەری “ژیاندنەوەی رۆحی مووسڵ”، کە ئۆدری ئازولای لە ساڵی 2018 رایگەیاند. بە تیشک خستنە سەر هەردوو پاراستن و خۆڕاگری کۆمەڵگا، یونسکۆ پشتگیریی نۆژەنکردنەوەی میراتی کولتووری، قوتابخانەکان، و ژێرخانی گشتی کردووە، هاوکات دیالۆگی نێوان ئایینەکان و ناسنامەی کولتووریی هانداوە، لەگەڵ دابینکردنی ڕاهێنان بۆ بەهێزکردنی دانیشتووانی ناوخۆیی. بە پشتگیریی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2019ەوە، یونسکۆ پڕۆژەیەکی لە قەڵای هەولێر جێبەجێ کردووە بۆ پشتگیریکردنی بژێوی ژیان لە ڕێگەی پەرەپێدانی میراتی کولتووری، دروستکردنی هەلی کار، و هاندانی گەشەسەندنی بەردەوامی سەروەت و سامانە مێژووییەکان.
لەم هاوبەشییەدا، کە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت، یونسکۆ سەرکردایەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی درێژخایەنی قەڵای هەولێر وەک ناوەندێکی کولتووری، کۆمەڵایەتی، و ئابووری، کە بەشداریی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەسەندنی بەردەوام دەکات، لەوانە شارە گشتگیرەکان، کاری شایستە، و گەشتوگوزاری بەردەوام.
مەراسیمی واژۆکردنەکە لە بارەگای یونسکۆ لە پاریس بەڕێوەچوو، لەوێ ئێرنێستۆ ئۆتۆنێ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ بۆ کولتوور، و باز رەئوف کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار بە فەرمی هاوبەشییەکەیان واژۆ کرد بە ئامادەبوونی ئۆدری ئازولای. لە بۆنەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا بەشدار بوون، لەوانە سەفین دزەیی، وەزیر و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و دکتۆر ئەسعەد تورکی سواری، باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە یونسکۆ.