دیمەنی بەشێک لە زەوییەکانی هەولێر - وێنە: ئەرشیفی پارێزگای هەولێر
"شوێنەکەی خۆیان زەوی لێ نەماوە"
زیاتر لە 1200 فەرمانبەری عەنکاوە لە سنووری هەولێر زەوی وەردەگرن
شۆڕش قادری
زیاتر لە 1200 فەرمانبەری عەنکاوە لە سنووری شارەوانی هەولێر زەوی وەردەگرن، چونکە شوێنەکەی خۆیان سنووردارە و وەک پێویست زەوی تێدا نەماوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، “بەهۆی سنوورداریی رووبەری زەوی لە سنووری شارەوانی عەنکاوە و نەبوونی زەویی پێویست بۆ فەرمانبەرانی عەنكاوە و هەروەها پاراستنی تایبەتمەندیی پێكهاتەی كریستیان لە هەولێر، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر گواستنەوەی شوێنی پێدانی زەویی هەزار و 279 فەرمانبەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی عەنكاوە بۆ سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و پێدانی زەویی لەگەڵ فەرمانبەرانی ئەو سنوورە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، زۆنێكی دیاریكراو و تایبەت لە نەخشەی كەرتی بۆ فەرمانبەرانی عەنكاوە دیاری دەکرێت، بەمەبەستی پاراستنی تایبەتمەندی پێكهاتەی كریستیان، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێری راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.