"هونەر بەخێوت ناکات"
لە هونەرەوە بۆ چاییچێتی؛ ئەکتەرێک چایخانەیەکی کردووەتەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
کاروان ئاوات ئەکتەر و دەرهێنەری بواری فیلم و سینەما ئێستا چاخانەیەکی بۆ خۆی کردووەتەوە و دەڵێت، هونەر بەخێوت ناکات و دەبێت ئیشێکی دیکەت هەبێ.
کاروان ئاوات خۆی و خێزانەکەشی هونەرمەندن، ئێستا لە گەڕەکی کانی ئەسکانی شاری سلێمانی چاخانەیەکی داناوە، پەیامنێری 964 چووەتە لای و لەبارەی ئیشە تازەکەی دەمەتەقێیەکان کردووە، ئەو دەڵێت، ” 10 رۆژێک دەبێ ئەم چاخانەیەم کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی لەم وڵاتەدا فەن و هونەر بەخێوت ناکات و ناچاری ئیشێکی دیکەت هەبێ کە دەبێ بڵێی ئیشی یەکەم، چونکە ئێستا هونەر بووەتە ئیشی دووەم، نەک ئیشی یەکەم”.
“هونەر هیچی بە من نەبەخشی و بگەڕێمەوە رابردوو هەرگیز ئەو ئیشە ناکەمەوە، ئاو بفرۆشم هونەر ناکەم”، کاروان ئاوات وا دەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە بەشێکی کەم لە هونەرمەندان کە لە دەسەڵاتەوە نزیکن، ئەوانەی دیکە هەموو وەزعیان خراپە و ناچارن کارێکی دیکەیان هەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری