ئەم بەیانییە

40 کۆچبەرەکەی لیبیا گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان

964+

ئەحمەد مستەفا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو 40کۆچبەرە لە لیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان، کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو لەو وڵاتە مابوونەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ویستبوویان دەرچە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە بۆ کۆچ بەرەو ئەوروپا بەکاربهێنن.

کۆچبەرەکان زۆرینەیان خەڵک و دانیشتووی ئیدارەی راپەڕینن.

کارەکە بە هەماهەنگی باڵیۆزخانەی عێراق بووە لە تەرابلووس، ئەم بەیانییە یەکشەممە 26.10.2025، پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە 964ی وت، کاتژمێر 4:00 بەرە بەیانی ئەمڕۆ ئەو 40کۆچبەرەی لیبیا گەیشتنەوە فرۆکەخانەی هەولێر و بە کەس و کاریان شادبوونەتەوە.

بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان، سوود لە پێدانی پاسپۆرتی کاتی وەرگیراوە کە باڵیۆزخانە بۆی دابین کروون، ئەوە لەگەڵ ئەوەی دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون لە 10.9.2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان،

ماوەیەک لیبیا و تونس، ببوو بە دەرچەی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لە دوای ئەوەی هەڵمەتی ناوخۆیی دژ بە کۆچبەران ئەنجامدرا و زیندانەکانی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی کۆچبەرانی بەخۆوە بینی رێژەی چوون کەمی کرد.

16ـی ئەم مانگە، حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دڵنیایی بە کەسوکاری کۆچبەران دا لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردووە 41 هاونیشتمانی بوون، بەڵام 16ی ئەم مانگە یەکێکیان بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر بە جەڵتە گیانی لەدەستدا.

كۆچبەرێكی كورد لە لیبیا گیانی لەدەست دا

كۆچبەرێكی كورد لە لیبیا گیانی لەدەست دا