تاوه‌كو ساڵى 2028 به‌رده‌وام ده‌بێت

توركیا به‌فه‌رمى درێژكردنه‌وه‌ى ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوى كوردستان راگه‌یاند

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

تورکیا له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ماوه‌ى ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و مانەوەى هێزەکانى لە هەرێمى كوردستان و رۆژئاوى کوردستان بۆ سێ ساڵى دیکە درێژکردەوە، ئامانجیش لێى ریشەکێشکردنى هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکانى سەر وڵاتەکەیه‌.

میدیاكانى توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، شەوى رابردوو لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا یاداشتى سەرۆکایەتى کۆمار بۆ درێژکردنەوەى وادەى ناردنى سەرباز و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق و سوریا درێژکراوەتەوە بۆ ماوەى سێ ساڵى دیکە.

ماوه‌ى درێژكردنه‌وه‌كه‌ له‌ رۆژى 30.10.2025 ـه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

یاداشتەکەدا کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار واژۆکراوە، ئاماژە بە بەردەوامى هەڕەشەى “تیرۆر” کراوە لەناوچە سنورییەکانى باشورى تورکیا و هەوڵەکان بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیی ئەو وڵاتە دانراوە.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، ناڕەزایەتی پارتەکەى دژى درێژکردنەوەى وادەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەربڕى و رایگەیاندبوو كه‌ ناوچەکە لە نێو شەڕ و قەیرانێکی گەورەدایه‌، پێشنیازەکانی حکومەتیش بۆ درێژکردنەوەی پرۆسە و ئەرکە سەربازییەکانیان لەو وڵاتانە، پەرەی زیاتر بە شەڕەکە دەدەن.

وتیشی “بە هیچ جۆرێک ئەمە جێگەی قبوڵکردن نییە، چونكه‌ ئەم پێشنیازانەى وه‌كو پاراستنى ئاسایشی وڵات پێشکەش دەکەن، بۆ دەستوەردانە لە کاروباری وڵاتانی دیکە”.

ساڵى 2014 بۆ یەکەمجار پەرلەمانى تورکیا بریارى ناردنى هێزى سەربازى بۆ عێراق و سوریا پەسەندکرد و ساڵى 2023 درێژکرایەوە، بەپێی بڕیارە نوێیەکەش، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا تا ساڵى 2028 لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن.

پێنج سەربازى توركیا بەهۆی گازی میتانی له‌ ئه‌شكه‌وتێ...

پێنج سەربازى توركیا بەهۆی گازی میتانی له‌ ئه‌شكه‌وتێكی هه‌رێمى كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

نزیکەی 45 کەسی خەڵکی گوهەرزێ لەلایەن سوپای تورکیاوە دەس...

نزیکەی 45 کەسی خەڵکی گوهەرزێ لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیر کران

"سوپای تورکیا رێگری لە گوندنشینان دەکات بۆ گیای بەهارە بچنە کوێستانەکان"