ئەمجارەش 964 ئیشی خۆی کرد
نەوتە رەشەکەی خەلەکان زیندەبەچاڵ دەکرێت
964+
دەریا ئەحمەد – دوکان
ئەو نەوتەی رەشەی نزیک گوندی قامیشە لە ناحیەی خەلەکان رژابوو و مەترسی بۆ سەر دەریاچەی دوکان دروستکردبوو، خۆڵی بەسەرداکرا و کاربەدەستانی سنوورەکەش دوعا دەکەن بەمزووانە باران نەبارێت، ئەگینا ریسەکەیان لێدەبێتەوە بەخوری.
مەترسییەکە ئێجگار گەورەیە و دەست بە چارەسەرکردنی کراوە
دوێنێ ڤیدیۆی رژانی ئەو نەوتە رەشە بڵاوبووەوە و هەرزوو 964 بەدواداچوونی کرد و کاربەدەستانی سنوورەکەی هێنایە سەر خەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.10.2025 کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە 964ـی وت، “دوای ڕاوێژکردنمان لەگەڵ کەسانی شارەزا بۆ زانینی ڕێگەیەکی تەندروست بۆ پاکردنەوەی ئەو نەوتە رەشە، بڕیارماندا خۆڵی پێدابکەین و پاشان خۆڵەکە هەڵبگرینەوە”.
“هەرچەندە بەهۆی سەختی ناوچەکەوە ئاستەنگمان بۆ دروست دەبێ، بەڵام بەردەوام دەبین تا هەموو نەوتەکە بە خۆڵ دادەپۆشین و پاشان خۆڵەکەش هەڵدەگرینەوە و لەسەر رێڕەوە ئاوییەکە دووری دەخەینەوە”، کامەران عەبدوڵا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زەحمەتە بتوانن هەموو ئەو خۆڵە وەک خۆی و لەگەڵ پاشماوەی نەوتەکە کۆبکەنەوە، بۆیە هەوڵدەدەن لانیکەم رێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بۆ ئەوەی درەنگتر بگاتە بەنداوی دوکان، تا ئەو کاتەی خۆڵ و پاشماوەی نەوتەکە بە تەواوی وشک دەبێتەوە و دواتر چینێکی رەق دروست دەبێت و ئاویش ناتوانێت رایماڵێت.
کامەران عەبدوڵا وتیشی، تا کارەکەمان تەواو دەبێت دەبێ چاوەڕێی رەحمی خودا بین کە باران نەبارێت، ئەگینا ریسەکەمان لێدەکاتەوە بە خوری.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری