ناڕازین و گردبوونەوە
ژمارەیەک ژنى دەستڕەنگین ناویان لە تیروپشکى فێستیڤاڵى هەنار دەرنەچووە
964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
گرووپێک لە ژنانی کارسازی هەڵەبجە کە ساڵانە بە کارە دەستییەکانیان و خواردنە کوردەوارییەکانیان بەشدارییان لە فێستیڤاڵی هەناردا کردووە، ئەمساڵ بەهۆی دەرنەچوونیان لە تیروپشکی دیاریکردنی کەپرەکاندا، لە بەشداریکردن بێبەشبوون، ئەمەش نیگەرانی لێکەوتۆتەوە و ژنەکان لە ناو پارکی شارەکەدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
ئەم گرووپە کە نزیکەی 40 ژنن و ساڵانى رابردوو بەشێکی دانەبڕاو بوون لە فێستیڤاڵەکەدا، نیگەرانن لەوەی کە دوای چەندین ساڵ بەشداریی بەردەوام، ئێستا دەبێت لە رێگەی تیروپشکەوە مافی بەشداریکردنیان هەبێت.
رەنگین ئەڵڵاکەرەم، یەکێک لە ژنە ناڕازییەکان، بە 964ـى رایگەیاندووە کە ئەوان بەشێکی گرنگی فێستیڤاڵەکەن و ئامادەن تەنانەت بەبێ وەرگرتنی کەپریش لە شوێنێکی تری ناو پارکەکەدا بەرهەمەکانیان نمایش بکەن، تەنها بۆئەوەی لەم بۆنە ساڵانەیەدا دوورنەخرێنەوە.
بە وتەی ئەڵڵاکەرەم، ئەوان داواکارییەکانیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندووە، بەڵام لە وەڵامدا پێیان وتراوە کە دەتوانن لە هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی هەڵەبجە بەرهەمەکانیان نمایش بکەن.
ژنەکان ئەم پێشنیارەیان رەتکردۆتەوە بەهۆی دووری شوێنەکە لە جێگەی سەرەکی فێستیڤاڵ، کە وادەکات کەمتر خەڵک سەردانیان بکات.
ئەم ژنانە کە لە زۆربەی بۆنە و فێستیڤاڵەکانی تری ناوچەکەشدا بەشدارن، ئێستا سوورن لەسەر داواکارییەکەیان و چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە ناو یان لە نزیک شوێنی فێستیڤاڵەکەدا بەشداربن و بەرهەمەکانیان بفرۆشن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح