بۆ ئه‌وانه‌ى کۆنمرەیان سەروو 93 یه‌

زانکۆی هەڵەبجە بوو به‌ خاوه‌ن کۆليژی پزیشکی و چاوه‌ڕێى خوێندكار ده‌كات


ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌ خاوه‌ن كۆلیژى پزیشكى و لەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ رۆژ فۆرمی کۆلیژه‌كه‌ دابەشدەکرێت، و خوێندکاران لە هەموو شارەکانەوە دەتوانن کێبڕکێ بکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکان.
فەرمان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە زانکۆی هەڵەبجە بە 964ی وت، ئەو خوێندکارانەی کە کۆنمرەیان سەروو 93 یه‌، دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە و بچنە پێشبڕکێى وه‌رگرتنه‌وە.
وتیشی “هەلی زیاتر بۆ ئەو خوێنداکارانەیە کە کۆنمرەیان بەرزترە و بە پێی سیستەمی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو نمرەیە دانراوە، کار لەوە ناکات کە نمرەی بەشەکە دابەزێنێت”.
سەبارەت بە ژمارەی کورسی کۆليژەکەش ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن بە پارالێڵیشەوە 20 کورسی دانراوە، شێوازی وەرگرتنی خوێندکارانی هەڵەبجە یاخود شارەکانی دیکەش بە هەمان رێکار و سیستەمی وەزارەتە، و ئامادەکاریەکانیش زۆرینەی تەواو کراون بۆ کردنەوەی کۆليژەکەو چاوەڕێی خوێندکارین بۆ ئەمساڵی خوێندن.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن