نزیکەى 80 دەفتەر
گوایە قۆڵیان بڕاوە؛ ژمارەیەک هاوڵاتى لەبەردەم دادگاى پشدەر گردبوونەوە
964+
وریا فەتاح
ژمارەیەک هاوڵاتى لەبەردەم دادگاى بەرایى پشدەر گردبوونەوە و دەڵێن”قۆڵیان”بڕاوە و کەسێک 70 بۆ 80 دەفتەر دۆلارى لێوەرگرتوون و خۆى کردووە بە کەڕەى شەربەت و نایانداتەوە.
محەمەد عەلى یەکێک لەو هاوڵاتیانەى گوایە لەلایەن کەسێکەوە پارەى خوراوە بە 964ـى وت،”ساڵى پار بە مەوعیدى سێ مانگ 16 دەفتەرم دا بە کەسێک کە سەرقاڵى کارگەیەکى تواندنەوەى مس بووە لە سنوورى پشدەر، لە رێگاى منیشەوە چەند کەسێکى تر پارەیان پێداوە، بەڵام تائێستا یەک دینارمان وەرنەگرتووەتەوە”.
بەوتەى ئەو هاوڵاتییە، چوونەتە وەبەرهێنانى راپەڕین و سۆراغى ئەو کارگەیەیان کردووە، بەڵام دەرکەوت مۆڵەتى نەبووە، دەشپرسێت ئەگەر کارگەیەک مۆڵەتى نەبێت چۆن رێگەى پێدەدرێت لە سنوورى گوندى ئەشکەنە شاخ و داخ هەڵدڕێ و دارستان وێران بکات و کاربکات؟.
وەک ئەوەى ئەو هاوڵاتیانە باسى دەکەن، 70 بۆ 80 دەفتەریان خوراوە و بڕیارى دادگاشیان هەیە و ئەمڕۆ کەسەکە خۆى داوە بەدەستەوە و داوا دەکەن دادگا حەقیان وەرگرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح