گەڕەکى ئازادى لە شەمامک
لە جیاتى قیر و کۆنکرێت؛ دانیشتوانەکەى رازین وەکخۆى لێبکرێتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەوەیە دەڵێت،”چاکى مەکە با خراپ نەبێت”،ئەوە رێک بۆ دانیشتوانى گەڕەکى ئازادى لە ناحیەى شەمامک راستە، چونکە ساڵێک زیاترە گرفتارن بەدەست هەڵکەندى کۆڵانەکانیان بۆ کۆنکرێت کردن، بەڵام وەکخۆیان دەڵێن،”یان چاکى کەن بۆمان یان وەکخۆى لێ بکەنەوە”.
دانیشتوانى ئەو کۆڵانانە پێشتر لەسەر ئەرکى خۆیان کۆڵانەکانیان چەوڕێژ کردبوو، بەڵام دواتر شۆستە و کۆنکرێتیان بۆ دەرچوو و شەقامەکان هەڵکەندران و ماوەى ساڵێکیشە بە هەڵکەندراوى جێهێڵدراوە و تەواو نەکراوە.
دانیشتوانى ئەو گەڕەکە بڕستان لێبڕاوە و بە 964یان وت،”وەرن سۆراغێکمان بۆ بکەن و دەنگمان بگەیەنن، بەڵکو ئەوە خوایە بۆمان چاک بکەن”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێرى 964 چووە گەڕەکەکە و لەگەڵ پیاوانى گەڕەک و ردێن سپییەکانى قسەى کرد.
وەک ئەوەى ئەوان باسى دەکەن،”لە هاویندا تۆز و خۆڵ هیلاکى کردوون و لە زستانیشدا قوڕ”.
بە وتەى خەتاب محەمەد کە ماوەى 10 ساڵە دانیشتووى گەڕەکەکەیە، بەهۆى ئەو چاڵوچۆڵییەى لە گەڕەکەکەیان دروستبووە، چەند دراوسێییەک بەگژیەکتریدا چوون، وەک دەڵێت،”داوا دەکەم چاکى بکەن بۆ ئەوەى بەگژیەکدیدا چوونیش نەمێنێت، چونکە ئاوەڕۆى ماڵان دەچێتە بەردەرگاى یەکترى و گلەیى و توڕەیى لێدەکەوێتەوە”.
گەرەكی ئازادی، یەكێكە لە چوار گەرەكەكەی ناحیەی شەمامكی رێگایی مەخموور كە لەساڵی 2012 زەوی لێدابەش كرا وەك قەرەبوو و ژمارەیەک ماڵ تێیدا نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح