هۆکارەکەی نادیارە
بەنزینی نۆرماڵ 100 دینار گران بووە و شۆفێرانی تەكسی دەڵێن “دەریانهێنێ”
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ماوەی هەفتەیەكە بەنزین نرخی گران بووە و بەدیاریكراوی دوو رۆژە 100 دینار چووەتەسەر هەر لیترێك، ئەمەش نیگەرانی لای شۆفێران دروست كردووە، بە تایبەتی ئەوانەی تەكسییان پێیە .
عەباس عەلی شۆفێری تەكسی بۆ 964 وتی، “ئەمڕۆ لە دارەتووەوە هاتووم هەموو بەنزینخانەكان بەنزینی نۆرماڵیان بە 900 دینار بووە، ئەوە بۆ ئێمە دەریناهێنێت و حەزمان دەكرد بە 600 دینار بێت.”
ئەحمەد نەوزاد، كارمەندی بەنزیخانەی ماهان بۆ 964 وتی، “ئەو نرخە زۆرە وایكردووە شۆفێر بێت بایی هەزار و 500 یان دوو هەزار بەنزین لە ئۆتۆمبێلەكەی بكات.”
ئەمرۆ هەینی 17.10.2025 جەنگی مەجید سەرۆكی بەنزینخانەكانی هەولێر بۆ 964وتی”ماوەی هەفتەیەكە نرخەكەی گران بووە و بەدیاریكراوی سێ رۆژە 100 دیناری هاتووەتەسەر و هۆكاری گرانبوونەكەشی تا ئێستا دیار نییە، بەڵام هەوڵ دەدەین چارەسەری بكەین.”
تا ئێستا لایەنی حكومەت و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی بەنزین و سووتەمەنی لە كوردستان، هیچ روونكردنەوەیەكیان لە بارەی هۆكاری گرانبوونی بەنزین نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئەم بارودۆخە دوای فشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێم دێت بۆ ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی، هەروەها حكومەتیش دەستی بە تەقەشوف كردووە لە خەرجییەكانی، بەڵام هێشتا بە روونی باسی هۆكاری گرانبوونی بەنزین دیار نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا