جۆن بۆڵتن
تۆمەتبارە بە دزەپێكردنی زانیاری
جۆن بۆڵتن چووە بەردەم دادگا و بە نەیاری ترەمپ دادەنرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا جۆن بۆڵتن ئەمڕۆ هەینی چووە بەردەم دادگای فیدڕالی، بۆ ئەوەی خۆی رادەست بكات، كە تۆمەتبارە بە دزەپێكردنی زانیاری.
بۆڵتن كە بەم دواییە كتێبێكی بە ناوی ژووری رووداوەكان بڵاوكردەوە، بە سێیەم ركابەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دادەنرێت.
وەك میدیای ئەمریكا باسی دەكەن، بۆڵتن 18 تۆمەتی ئاراستە كراوە و باسی ئەوە دەكرێت زانیاری لای ئەو ئاشكرا بووە، كە دەگوترێت لەلایەن چەند سیخوڕێك، كە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە، ئیمەیلەكەی بۆڵتن هاككراوە لە 2021 و توانیویانە بگەنە چەند بابەتێكی هەستیار، كە لە ئیمەیلەكەیدا هەبووە.
هاوكات داواكاری گشتی ئەوەیان خستووەتەڕوو، نوێنەرانی بۆڵتن نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕالی FBI لەوە ئاگادار كردبووەوە، كە ئیمەیلەكەی بۆڵتن هاككراوە، بەڵام ئەوەیان ئاشكرا نەكردووە زانیاری نهێنی هەبووە لە ناو ئیمەیلەكەی و كەوتبێتە دەست هاككەرەكان.
جۆن بۆڵتن لای خۆی رەتیکردووەتەوە هیچ هەڵەیەکی لە دۆسیەی بەڵگەنامە نهێنییەکان ئەنجامدابێت و رایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانە بەشێکن لە “هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ترساندنی نەیارانی”.
بۆڵتن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “ئێستا، من دوایین ئامانجم، كە وەزارەتی داد وەك چەكێك دژم بەكاردەهێنرێت بۆ تۆمەتبارکردنی ئەو کەسانەی ترەمپ بە دوژمنی خۆیانی دەزانێت، بە تۆمەتگەلێك كە پێشوەختە رەتکراوەتەوە یان بۆ شێواندنی راستییەکانە”.