رێگەی نایاسایی بۆ یاسایی دەگۆڕن

ناوخۆی هەرێم و رێکخراوێکی ئەڵمانی یاداشتێک بۆ کۆچبەران واژۆ دەکەن

964+

ئەحمەد مستەفا

لەسەر دۆسییەکانی تایبەت بە کۆچ یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی GIZـی ئەڵمانی واژۆ کرا، کە  کاردەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر مەترسیەکانی کۆچی نایاسایی و نیشاندانی دەرفەتە یاساییەکانی کۆچ لە وڵاتی ئەڵمانیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئەلبرێخت ڤۆن، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، مەڕاسیمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێک تێگەیشتن لەنێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ JCC و ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا GIZ بەڕێوەچوو.

ناوەڕۆکی یاداشتەکە لەلایەن  سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC و ئاکسێل کلافاکە، بەڕێوەبەری ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا GIZ لە هەرێمی کوردستانەوە واژۆکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەو هاوبەشیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی دامەزاوەیی کۆچ لەهەرێمی کوردستان و هێنانی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکانە، لە میانەی سەنتەری راوێژکاری کۆچ و سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی، لەو هاوبەشیەدا.

ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانی GIZ بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانJCC کاردەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر مەترسیەکانی کۆچی نایاسایی و نیشاندانی دەرفەتە یاساییەکانی کۆچ لە وڵاتی ئەڵمانیا و هەروەها هاوکاریکردنی گەڕاوەکان لەسیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی و بەستنەوەیان بەبازاڕی کار.

لەلایەکی تریش لە جێبەجێکردنی ئەو هاوبەشییە هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی وڵاتی ئەڵمانیا وەردەگرێت و کار لەسەر پڕۆگرامەکانی بەرزکردنەوەی تواناکان و پەرەپێدانی دامەزراوەیی و ڕاوێژکاری و چەندین بابەتی تر لەخۆدەگرێت، ئەوەش بەگوێرەی هەمان راگەیەندراو.

واژۆکردنی یاداشتەکە

واژۆکردنی یاداشتەکە