لە رانیە
رێگایەکی 2800 مەتری بووەتە گوریسی بێ بن و تەواو نابێ
964+
ژووری هەواڵ
سنووری ئیدارەی راپەڕین لە دەروازەی راپەڕینەوە بووەتە دەروازەی پڕۆژە تەواونەکراوەکان، لە جێبەجێکردنی دواین پڕۆژەی رێگاوبان لە نێوانی ناحیەی سەرکەپکان و ناوەندی قەزای رانیە کارەکان هێندە بە خاوی ئەنجام دەدرێن هاوڵاتیان ناڕازین و دەڵێن،”ئاستەنگیە بۆ ژیانی رۆژانەمان”. سەرۆکی شارەوانی رانیەش دەڵێت،” دەستمان بە کار کردۆتەوە ئەگەر کەش و هەوا رێگەبدات”.
ئەم پڕۆژەیە پێکدێت لە قیڕتاوکردنی دوو سایدی رێگای نێوان ناوەندی قەزاکە و ناحیەی سەرکەپکان وگوندەکانی دۆڵی شاورێ هەر بۆیە رێگایەکی گرنگە بۆ سنورەکە و هاوڵاتیان، کارەکانی پڕۆژەکە لە مانگی تەموزی ئەمساڵەوە دەستی پێکردوە و خێرایی لە کارنەکردن لەناو پڕۆژەکە بۆتە جێگای نیگەرانی هاوڵاتیان.
ئەسعەد محەمەد هاوڵاتیەکی دۆڵی شاورێیە و نیگەرانە لە دۆخەکە و بە 964ی وت،” من کاسبم رۆژانە ئەوە رێگامە، مەوداکەی ئەوەندە زۆر نیە تا ئاوا بە خاوی ئیشی لەناودا بکەن، دەبوو ئێستا تەواو بکرێت ئێمە پەکمان کەوتووە جا ئەوە باسی تەپوتۆزەکەی ناکەم چی لە خەڵک کردووە؛ هیوادارم زوو تەواوی بکەن و نەجاتمان بدەن”.
سەرۆکی شارەوانی رانیە لە بارەی نیگەرانیەکانی هاوڵاتیان بە 964ی راگەیاند،” لە راستیدا هۆکاری خاوی و وەستانی کارەکانمان گرفتێک بوو لەگەڵ ئەو غەسالەی چەو و لمانەی بە هاوبەشی کارمان لەگەڵ دەکردن، بەڵام چارەسەر کراوە و دەستمان پێکردۆتەوە ئەگەر کەش و هەوا رێگە بدات بە چەند مانگێک تەواوی دەکەین”.
لەبارەی وردەکاریەکانی ناو پڕۆژەکە ئەحمەد مەلا وسو وتی،” ئێمە سەرپەرشتی ئیشەکانیان دەکەین و لە راستیدا کۆمپانیایەکی ئەهلی خەرجیەکانی ئەم پڕۆژەیەی گرتۆتە ئەستۆ، رێگاکە درێژیەکەی 2800 م جگە لەوە پرۆژەکە دروستکردنی ئاوەڕۆی سەندووقی بە درێژیی1700مەتر لەخۆ دەگرێت، هاوکات ناوەندی شەقامەکە سەوز دەکرێت و سیستەمی ئاودێریی بۆ دادەنرێ، بەشێکی دیکەی پرۆژەکە دانانی 120 ستوونی روناکییە و تەواوی پرۆژەکەش چوار ملیار دیناری تێدەچێ”.
ئەم شەقامە دوو سایدە هەر یەکە لە ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی سۆران و گوندەکانی دۆڵێ شاورێ و ناحیەی وەرتێش بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە یەکێك لە رێگا سەرەکیەکانی گەشتیاری لە ناوچەکە دادەنرێت.